Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا سەرۆکی بێلاڕوس زێد دەکاتە سەر لیستی سزادراوەکان


وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتوون لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕوس.

وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە هەوڵی زیاتر کردنی فشارەکاندان لەسەر ڕژێمی بێلاڕوس بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانەوە.

دوو سەرچاوەی دیپلۆماسی دەڵێن لە کۆبوونەوەکەدا، 27 وەزیری دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە لۆکسمبۆرگ، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ناوی لۆکاشینکۆ بخرێتە سەر لیستی ناوی ئەو 40 کاربەدەستەی تری بێلاروس کە یەکێتی ئەوروپا سزای سەپاندۆتە سەریان.

یەکێتی ئەوروپا سامانی ئەو 40 کاربەدەستەی سڕ کردووە و هەروەها قەدەغەی هاتوچۆشی سەپاندۆتە سەریان چونکە لۆمەی فێڵ و تەڵەکەی هەڵبژاردنەکەی مانگی هەشتیان لە ئەستۆ نراوە کە لۆکاشینکۆ لەو هەڵبژاردنەدا سەرکەوت و هەروەهاش لۆمەی سەرکوتکردنی دڕندانەی شەپۆلی ناڕەزاییەکانی سەرتاسەری وڵاتەکەیان لە ئەستۆ نراوە.

لە مانگی هەشتی ڕابردووەوە شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایی دەربڕین بێلاڕوسی گرتۆتەوە.

هەیکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەر کە گەیشتە کۆبوونەوەکەی لۆکسمبۆرگ وتی " ئێستا کاتییەتی سزاکان فراوان بکرێن و ناوی سەرۆکی بێلاڕوسی بۆ زێد بکرێت."

یەکێتی ئەوروپا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 9 مانگی هەشتی بێلاروسی ڕەت کردۆتەوە و دەڵێت لۆکاشینکۆ بە سەرۆکی ڕەوای وڵاتەکە دانانێت.

XS
SM
MD
LG