Accessibility links

تورکیا دەست دەکاتەوە بە جموجۆڵ لە دەریای ناوەڕاستدا و یۆنانیش ناڕازییە


تورکیا جارێکی تریش کەشتی گەڕان بەدوای سوتەمەنیدا دەنێرێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە نێوەندی ئەو کێشانەی لەگەڵ یۆناندا هەیەتی لەسەر وزە.

ئەسینا ئەم بڕیارەی ڕۆژی دووشەممەی تورکیای بە هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەخۆ بۆ سەر ئاشتی ناودێرکردووە.

کێشەی گەڕان بە شوێن سەرچاوەکانی وزەدا لە دەریای ناوەڕاستدا وەهای کرد ئەم دوو وڵاتەی ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆ، لە مانگی هەشتدا مانۆڕی سەربازی لەبەرامبەر یەکدا بکەن لەو ڕووبەرە ئاویە ستراتیژیەی دەکەوێتە نێوان قوبرس و دوڕگەی کریتی یۆنانەوە.

یۆنان سنوری ئاوی چواردەوری دوڕگەی کاستێلۆریزۆ بە هی خۆی دەزانێت و تورکیاش دەڵێت چونکە کەنار دەریاکەی درێژە، هەر بۆیە ڕەوایە کەشتییەکانی بنێرێت بۆ ئەو ناوچەیە بۆ گەڕان بە شوێن سەرچاوەکانی وزەدا.

هێزی دەریایی تورکیا، لە پەیامێکدا بۆ سیستەمی ناڤتێکس بۆ ئاگادارکردنەوەی هاتوچۆی دەریایی دەڵێت، کەشتی "عروج ڕەیس" دەست دەکاتەوە بە جموجۆڵ لە ناوچەکەدا بۆ گەڕان بە شوێن سەرچاوەکانی وزەدا و ئەم کەشتییە دەشچێتە باشوری دوڕگەی کاستێلۆریزۆی یۆنانی و دەشڵێت ئەم هەنگاوە لەمڕۆ دووشەممەوە دەستپێدەکات و تا ڕۆژی 22ی مانگی 10 دەخایەنێت.

دوو کەشتی تر، یاوەریی کەشتی عروج ڕەیس دەکەن و بریتین لە کەشتییەکانی ئاتمان و جەنگیزخان، بەپێی ناڤتێکس.

فاتح دۆنمیز، وەزیری وزەی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە "تورکیا بەردەوام دەبێت لە گەڕان بەدوای سوتەمەنی و مافی خۆشمان دەپارێزین."

وەزارەتی دەرەوەی یۆنان ڕەخنە و ناڕەزاییەکی زۆری لەم هەنگاوەی تورکیا گرتووە و بە مەترسییەکی ڕاستەوخۆش بۆ ئاشتی ناوچەکە ناودێری دەکات و دەشڵێت تورکیا جێی متمانە نییە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی یۆنان نوسیویە "ئانکەرە خواستی دیالۆگی ڕاستگۆیانەی نییە."

XS
SM
MD
LG