Accessibility links

ناوەڕۆکی پرۆژەیەکی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ لایەنە کوردیەکان


بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بە پرۆژەیەکەوە گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و دەیەوێت پرۆژەکەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و حیزب و لایەنە سیاسیەکاندا تاوتوێ بکات، کە پرۆژەکەی دەچێتە چوارچێوەی ئامادەکاریەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.

ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمدا کۆبووەتەوە، بڕیاریشە درێژە بە کۆبوونەوەکانی بدات، بەڵام تائێستا وەڵامی بەرپرسانی هەرێم بۆ پرۆژەکەی سەرۆک کۆمار ڕوون نیە، بەتایبەت پرۆژەکەی پەیوەندیدارە بە پرسی سیاسی و ئابوری هەرێمەوە.

حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کە ئەندامی شاندەکەی سەرۆک کۆمارە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمار لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و دام و دەزگاکاندا، بۆ باشترکردنی دۆخی هەرێم و هێنانە کایەی کەشێکی نوێ یە."

دەنگی ئەمەریکا لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە بەغدا، بەشێک لە ناوەڕۆکی پرۆژەکەی سەرۆک کۆماری عێراقی بۆ لایەنەکانی هەرێم دەستکەوتووە، کە ناوەڕۆکی پرۆژەکە خۆی لە ئاسایی کردنەوەی دۆخی هەرێم و ئامادەکاریدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەبینێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"دکتۆر بەرهەم ساڵەح دەیەوێت پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ناکۆکی و تەشەنوجی نێوان لایەنەکان هێور بێتەوە، هەروەها هەوڵی ئاشتکردنەوەی خەڵکیش بدرێت."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، بەرهەم ساڵەح پێیوایە کەناڵە حیزبیەکان و میدیای سێبەری حیزبەکان، بەرپرسیارن لە زەقکردنەوەی ناکۆکیەکان و داوای لە لایەنەکان کردووە، میدیاکانیان جڵەو بکەن و هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە بدەن، چونکە هەڵبژاردن پێویستی بە کەشێکی هێورە.

سەرچاوەکە، وتیشی"بەشێکی تری پرۆژەکەی سەرۆک کۆمار پەیوەندیدارە بە خراپی دۆخی دەروازە سنوریەکان و داوای کۆنترۆڵکردنی دەروازەکانی کردووە، هەروەک هەرێمیشی هانداوە تا لەمەسەلەی نەوت دا لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێککەوتن."

هەوڵەکانی بەرهەم ساڵەح بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکانی هەرێم و چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی سیاسی و ئابووری، لەکاتێکدایە دۆخی عێراق تا دێت ڕوو لە ئاڵۆزی زیاتر دەکات، هەروەها بەشێک کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.

حەسەن جیهاد، ڕوونیکردەوە سەرۆک کۆمار لەوکاتەوەی کە لەبەغدایە، ڕۆڵی هەبوووە لە نزیک کردنەوەی هەولێر و بەغدا و هانی هەردوولای داوە بۆ ڕێککەوتن.

جوڵەی بەرپرسانی عێراق، لەکاتێکدایە عێراق لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت نزیک دەبێتەوە و لەگەڵ نزیک بوونەوە لەو وادەیە، چاوەڕوانی هەڵکشانی بارگرژیەکان دەکرێت، بەو پێیەی گروپە چەکدارەکان مل بە حکومەتی عێراق نادەن و دەیانەوێت پارێزگاری لە پێگەیان بکەن.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمریکادایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:14 0:00
XS
SM
MD
LG