Accessibility links

بەرپرسی رێکخراوی هیوا لەکەرکوک: ژمارەیەکی زۆر لە کچان هەوڵی خۆ کوشتن یاخود هەڵاتن لە ماڵ دەدەن


وێنە بە کامێرای دڵشاد ئەنوەر
وێنە بە کامێرای دڵشاد ئەنوەر

ڕێژەی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچانی منداڵ، لەناوچە کێشەلەسەرەکان و ئەو ناوچانەی کە شەڕ و ئاڵۆزیان تێدا بووە، بەراورد بە ناوچەکانی تری عێراق و هەرێم زۆر زیاترە.

چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنانیش، هۆکارەکەی بۆ زاڵبوونی کلتوری توندوتیژی و نەبوونی هۆشیاری دەگێڕنەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سرود ئەحمەد بەرپرسی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی، کە ڕێکخراوەکەی بەدواداچوون بۆ گرفتەکانی ژنان و کچان دەکات، دەڵێت"بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان، وایکردووە کچان زیاتر سەرقاڵی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بن، لەو ڕێگەیەشەوە، کچێکی زۆر توشی گرفت بوون، بە تایبەت پەیوەندیان دروستکردووە، یاخود وێنەیان کەوتووەتە لای کوڕان، لەو ڕێگەیەوە ناچاریان کردوون ڕازیان بکەن و دەستدرێژی بکەنەسەریان."

دەسڵێت" کەرەنتین و مانەوەی کچان لەماڵ، تەنانەت گرفتی لە نێو خێزانەکانیشدا دروستکردووە، وایکردووە بە منداڵی بەشو بدرێن."

سرود ئەحمەد، ڕوونیکردەوە ژمارەیەکی زۆر لە کچانی منداڵ بەشو دراون، تەنها لەبەر ئەوەی لەکاتی قسەکردندا لەگەڵ کوڕان، تەلەفۆنیان پێوە گیراوە، بۆیە خێزانەکان بەشویان دەدەن، گوایە لەکۆڵیان کردوونەتەوە، وتی" لەکاتێکدا ئەو جۆرە هاوسەرگیریانە ئەنجامیان نیە و کێشەکانیش قورستر دەکەنەوە، ئینجا گرفتێکی تر ئەوەیە خێزانەکان هۆشیاریان لاوازە، نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ کچەکانیان بکەن، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە کچان لەماڵەوە هەڵبێن."

بەپێی وتەی بەرپرسی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی، هەوڵدان بۆ خۆ کوشتن لەنێو کچان لە ئاستێکی بەرزدایە، بەو پێیەی چی لە ماڵەوە و چی لە ناوەندەکانی خوێندنیش، کچان هۆشیار ناکرێنەوە چۆن ڕووبەڕووی سەختیەکانی ژیان ببنەوە و بەزمانی توند مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، وەک دەڵێت"بۆیە زۆرێک لە کچان هێندە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، هەوڵئەدەن لە ڕێگەی پەیوەندیەوە ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە، هەست دەکەن شوکردن ڕزگاریان دەکات لە توندوتیژی و کونجی ماڵەوە."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سرود ئەحمەد بەرپرسی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی، ئاماژەی بەدۆخی کچان کرد، لەو ناوچانەی کە پێشتر لە ژێر کۆنترۆڵی داعشدا بوون، وتی"ئەوان هێشتا بیروباوەڕی داعشیان لە مێشکدا ماوە، تەنانەت زۆرجار باوک کچ بە شو دەدات، بێ ئەوەی کچەکە ئاگادار بێت."

هۆکاری بەرزی ئاستی توندوتیژی بەرامبەر بە کچان ژنان، لەو ناوچانەی پێشتر گرفتی ئەمنی و سیاسیان تێدا بووە، بۆ دەستکورتی و لاوازی ئاستی هۆشیاری خێزان لە چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ کچەکانیان دەگێڕدرێتەوە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمریکادایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:20 0:00


XS
SM
MD
LG