Accessibility links

سەرکردەی هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ ئاگاهی دەدات


سەرکردەی ئەرمینیایی لە هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ جەخت دەکاتەوە لەوەی ڕەوشی بەرەکانی جەنگ، لەمڕۆدا زیاتر ئارامەبە بەراورد لەگەڵ ڕۆژی شەممەدا.

ئارایک هاروتیونیان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری ستیپاناکرت، پایتەختی هەرێمەکە وتوویەتی "ڕۆژی شەممەش ئەوەی جێی سەرنجمان بوو تەقەکردن نەوەستابوو، بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە ڕەوشەکە ئارامترە، هەرچەندە دەشێت ئەم ڕەوشە بە خێرایی گۆڕانی بەسەردابێت."

هاروتیونیان دەڵێت چاوەڕوان دەبن تا بزانن تا چەندێکی تر ئەم ئارامییە بەردەوام دەبێت، بەڵام ئاگاهیشی داوە وەک لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەیدا جەختی لێکردۆتەوە "تا ئەو کاتەی دەنگی تەقە ببیسترێت ئاڵوگۆڕی دیلەکانی شەڕ ناکرێت."

بەپێی ئەو ئاگربەستەی ڕۆژی هەینی لە مۆسکۆ ڕێککەوتنی لەسەر کرا، پێویستە دیلەکانی شەڕ و هەروەها تەرمی کوژراوەکانیش لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا ئاڵوگۆڕ بکرێن.

سەرکردەی ئەرمینیایی لە هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ ئاگاهیشی داوە بەوەی ئەرمینیاییەکان مافی خۆیان بۆ داکۆکی لە خۆکردن بەکاردەهێنن ئەگەر بێتو ئازەربایجان هەرچ هێرشێک بکات و دەشڵێت "لای خۆمانەوە ڕێز لە ئاگربەست دەگرین."

ئارایک هاروتیونیان، ئاگاهییەکی تریشی داوە وەک دەڵێت "ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت ئەوا داوا لە ئەرمینیا دەکات دان بنێت بە سەربەخۆیی هەرێمەکەیدا، ئەمەش ئەو هەنگاوەیە کە کێشەکان لەگەڵ ئازەربایجاندا ئاڵۆزتر دەکات.

سەرکردەی هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ، سوپاسی ڤلادمیر پوتن دەکات بۆ ئەو هەوڵانەی داونی لە پێناو گێڕانەوەی ئاشتیدا، بەڵام سەبارەت بە ئەگەری دانوستاندنی ئاشتی لەگەڵ ئازەربایجاندا، نیگەرانییەکانی خۆی نەشاردۆتەوە و دەڵێت "ئازەربایجان ئامانجی خۆی هەیە بۆ لەناوبردنی تەواوی گەلەکەمان و کلتور و مێژووشمان."

هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ، سەربەخۆیی خۆی لە ئازەربایجان ڕاگەیاند و ئەمەش بووە مایەی شەڕ لە سەرەتای ساڵانی نەوەتەکاندا. وێڕای هەوڵ و ناوبژیکردنی نێونەتەوەیی کە 30 ساڵی خایاند، ئەم قەیرانە بەبێ چارەسەر ماوەتەوە.

XS
SM
MD
LG