Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کابینەی 9 لەبەردەم پەرلەمانی هەرێمدا


3 گەورە کاربەدەستی هەرێمی کوردستانی عێراق سەردانی پەرلەمانی هەرێمیان کرد بۆ باسکردنی ڕەوشی پڕ لە قەیرانی هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی کابینەی 9 و قوباد تاڵەبانی، جێگری و هەروەهاش ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لە پەرلەمان بوون و بە گشتی دەتوانرێت بگوترێت لە باسکردنەکانیاندا ناڕازی بوون لە ڕەوشی هەرێم.

پەرلەمانتاران سەدان پرسیاریان لەو 3 کاربەدەستەی حکومەت کرد، وەڵامەکانیش هێندەی باڵای پرسیارەکان بوون و لە چوارچێوە و داڕشتنی لێدوانەکانی پێشووتریان تێنەدەپەڕی، تەنها لە ڕاگەیاندنی بڕی پارەی قەرزکراودا جیاواز بوو، وەک بارزانی ڕایگەیاند کە ئێستا هەرێمی کوردستان زیاتر لە 28 ملیار دۆلار قەرزارە کە پێشتر باس لە 27 ملیار دۆلاری قەرز دەکرا.

هەرچۆنێک بێت نکوڵی ناکرێت لەوەی چوونی کاربەدەستان بۆ بەردەم پەرلەمان هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام لەو دانیشتنەی گەورە کاربەدەستانی کابینەی نۆهەمدا نەزانرا ئایا بۆ لێپێچینەوە لەبەردەم پەرلەماندا بوون، یا هەر تەنها بۆ شیکردنەوەی هۆکاری قەیرانەکان و باسکردن لە پێشهاتەکان بوو.

مەسرور بارزانی خۆی داوای کردبوو بچێتە پەرلەمان.


میوانی بەرنامە:

دکتۆر کەنعان حەمە غەریب، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی

لە دوای ئەو دانیشتنە 10 کاتژمێرییەی ڕۆژی 5ی مانگی 10 لە پەرلەمان، ڕای زۆر و جیاواز دروست بوون؛ لەوانە بەشێك لەو بڕوایەدان وەڵامی تەواوی پرسیارەکانی پەرلەمانتاران دراونەتەوە و ئیتر پێویست ناکات ستافی کابینەی 8 بۆ لێپێچینەوە بانگ بکرێنەوە بۆ پەرلەمان، وەک ژمارەیەک پەرلەمانتار واژۆیان کردووە بۆ دانیشتنێکی تایبەت بە پرساندن.

ڕایەکی تریش دەڵێت، پرسیارەکانی پەرلەمانتاران و وەڵامی ئەو کاربەدەستانەش لە ئاستی پێویستدا نەبوون و بەڵکو تەرازووەکەش بەلای حکومەتدا شکێنرایەوە.

بەشێکی تریش دەڵێن، گرنگ نییە حکومەتی هەرێم چی دەڵێت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە چی دەکات.

لەو دانیشتنەدا، ژمارەیەک پەرلەمانتار داوای دەست لە کار کێشانەوەی حکومەتی هەرێمیان کرد و هەروەهاش داوای زەمینە ڕەخساندنیش بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەخت، بەڵام بۆ ئەگەری دەست لە کار کێشانەوەی کابینەی 9، باسیان لە هیچ جێگرەوەیەک نەکرد.

بەشێکی زۆری شەقام لە هەرێمی کوردستان دەڵێن، لێدوان و شیکردنەوەکان و باسکردنەکان و کۆبوونەوەکان، هیچیان هێندەی ئەوە گرنگ و سەرەکی نین، بە ئەندازەی دابین کردنی موچە و بژێویەکی باشتر.

بەشی زۆری ڕای گشتی لە هەرێمدا وەک دەگوترێت، بەلایەوە گرنگ نییە چی دەگوترێت و شیکردنەوەکان بۆ ڕەوشەکە چۆنن، هێندەی ئەوەی چاکسازییەکی ڕاستەقینە بکرێت و گەندەڵکاران و ئەوانەی بەرپرسیارن لە دروست بوونی ئەم ڕەوشە نالەبارەدا دادگایی بکرێن و خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان دابین بکرێن و هەروەهاش مرۆڤی کورد وەک سەرمایەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی لێی بڕوانرێت.

ئایا تیمی کابینەی 9 لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا سەرکەوتوو بوو یان پەرلەمانتاران؟

ئایا ویست و خواستێکی جێگیری سیاسیانە هەیە بۆ چاکسازی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا؟

ئایا دانیشتنەکەی ڕۆژی 5ی مانگی 10ی پەرلەمان، فشارەکانی شەقام لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەرێمدا کەم دەکاتەوە؟

ئایا دوای ئەو دانیشتنەی پەرلەمان، چ شتێک دەگۆڕدرێت لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا؟

دکتۆر کەنعان حەمە غەریب، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:45 0:00


XS
SM
MD
LG