Accessibility links

لیرەی تورکی هەتا دێت زیاتر بەهای کەم دەبێتەوە


ڕۆژی چوارشەممە لیرەی تورکیا زیاتر دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاست بەرامبەر بە دۆلار بەهۆی مەترسییەکانی وەبەرهێنەران لە شیانی سزای دارایی ئەمەریکا، پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا و ناکۆکییەکانی هەرێمی قەوقاز.

لەم ساڵد لیرەی تورکیا 24% ی بەهای خۆی لەدەست داوە بەهۆی نیگەرانییەکان لەمەڕ یەدەگی بانکی ناوەندی، دەستێوەردانەکانی بازاڕی دراو و کێشەکانی جیۆپۆلتک.

ڕۆژی چوارشەممە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلارێکی ئەمەریکایی گەیشتە 7.8850 لیرەی تورکی .

نیگەرانییەکان لەمەڕ شیانی سزای ئەمەریکا پاش ڕاپۆرتێکی ڕۆژی سێشەممەی بلومبەرگ سەری هەڵدایەوە کە دەڵێت ئانکەرە دەستدەکات بە تاقیکردنەوەی سیستمی S-400 ی دژە موشەکی ڕوسیایی.

هاوکات وا دەردەکەوێت ئاڵۆزییەکان لەگەل یەکێتی ئەوروپاشدا زیاد دەبێت پاش ئەوەی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند بڕیارەکانی کۆبونەوە لوتکەییەکەی یەکێتی ئەوروپا لە هەفتەی ڕابوردوو لەسەر سنورە دەریاییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە نییە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

ئەردۆغان و ڕێبەرێکی قوبرسی تورکیا ڕایانگەیاند بەشێکی هاوینەهەوارێکی قوبرس کە لە ساڵی 1974 وە لەلایەن تورکیاوە داگیر کراوە دەکەنەوە. ئەمەش ناڕەزاییەکی زۆری لەلایەن یۆنان و حکومەتی قوبرسی یۆنانی لێکەوتەوە.

سەرۆکی بانکێکیش بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە " نیگەرانییەکانی کە پەیوەندی بە یەکێتی ئەوروپاوە هەیە لەسەر ئاڵۆزییەکانی جیۆپۆلتیک لەم چەند ڕۆژەی ڕابوردوودا تا ئەندازەیەک کەم بۆوە بەهۆی هەنگاوەکان بەرەو دیالۆگ. بەڵام لەم هەفتەیەدا بەهۆی ئاڵۆزییەکان لەسەر شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان نیگەرانییەکان زیادیان کردەوە."

شەڕی نێوان هێزەکانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە ناگۆرنۆ کاراباخ لە خراپترین ئاستیدایە لەماوەی 25 ساڵی ڕابوردۆوە. پشتیوانییەکانی ئانکەرە لە ئازەربایجان تورکیای لە وڵاتە گەورەکان جیاکردۆتەوە، لە کاتێکدا هۆشداری دەدات بە هاوپەیمانانی ناتۆ کە لە هەوڵی ئاگربەستێکدان.

XS
SM
MD
LG