Accessibility links

میشال عۆن بڕیاری لە کار لادانی 3 بەڕێوبەری گشتی واژۆ ناکات


ئۆفیسی سەرۆکایەتی لوبنان ڕایدەگەیەنێت سەرۆکی لوبنان ئەو یاداشتە واژۆ ناکات بۆ لەکارخستنی 3 بەڕێوبەری گشتی کە دراون بە دادگا لەسەر دۆسێی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت.

ئۆفیسی میشال عۆن سەرۆکی لوبنان دەڵێت بۆیە واژۆی ناکات چونکە بڕیاری لەکارخستنەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرنەچووە.

دەسەڵاتی دادوەری تا ئێستا 25 کەسی دەستگیرکردووە لەسەر تەقینەوەکەی دوو مانگ لەمەوبەری بەندەری بەیروت، کە ئەو 3 کاربەدەستەشی تیادان؛ عەبدولحەفیز ئەلقەیسی، بەڕێوبەری گشتی گواستنەوەی زەمینی و دەریایی، حەسەن قرێتم، بەڕێوبەری گشتی بەندەری بەیروت و هەروەها بەدری زاهیر، بەڕێوبەری گشتی گومرگ.

بەدری زاهیر، بە کەسێکی نزیک لە میشال عۆن دادەنرێت و لە ئێستادا لە گرتوخانە هێڵراوەتەوە بەهۆی ئەو تەقینەوەیەی دوو مانگ لەمەوبەر کە بووە مایەی کوژرانی زیاتر لە 190 کەس و برینداربوونی بەلانیکەم 6500 کەس.

ئیبراهیم نەجاڕ، وەزیری پێشووی داد لە لوبنان دەڵێت "ئەم بڕیارەی سەرۆک عۆن، زۆر بە خراپی لەلایەن خەڵکەوە وەردەگیرێت و نەک هەر بە ڕەتکردنەوەی دادگایی کردنی گومانباران دادەنرێت بەڵکو وەک ئەوەش لێک دەدرێتەوە کە بۆ پاراستنی گومانباران داڕێژراوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، وەک سەرچاوەیەک لە دەسەڵاتی دادوەری لوبنان دەڵێت، تا ئێستا زۆربەی لۆمەکانی ئەو تەقینەوەیە لە ئەستۆی بەدری زاهیرە لە پەیوەندی بە بارەکانی نیتراتی ئەمۆنیۆمەوە، وەک دەسەڵاتداران دەڵێن ئاگری گرتبوو و ئەو ئاگرکەوتنەوەیەش بۆتە هۆکاری تەقینەوەکە.

ئەمەش دووهەم جارە سەرۆکی لوبنان واژۆ کردنی بڕیاری لادانی زاهیر لە پۆستەکەی ڕەت بکاتەوە، لەوەتای لێکۆڵینەوەکان لەسەر تەقینەوەکە دەستیان پێکردووە.

دوو مانگ بەسەر تەقینەوەکەدا تێدەپەڕێت و هێشتا بەرپرسانی لێکۆڵینەوەکان هیچ بەرەنجامێکیان بۆ ڕای گشتی بڵاونەکردۆتەوە.

XS
SM
MD
LG