Accessibility links

بەڕێوبەرێتی خۆسەری بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی گیراوەکانی ئەلهۆل دەدات


دیمەنێکی ئۆردوگای ئەلهۆل
دیمەنێکی ئۆردوگای ئەلهۆل

بەڕێوبەرایەتی خۆسەری کورد لە سوریا، بە نیازە ڕێگەبدات بە گەڕانەوەی هەزاران سوریایی لە ئۆردوگای ئەلهۆل بۆ زێدی خۆیان کە خێزان و کەسوکاری چەکدارەکانی داعشیشی تیادان.

بەپێی لێدوانەکانی ئەمڕۆ دووشەممەی ڕیاز زرار، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بۆ ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێس "سوریاییەکان لە ئۆردوگای ئەلهۆل دەردەچن و تەنها بیانییەکان دەمێننەوە."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ڕۆژێک دیارینەکراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بۆ ئازادکردنی ئەوانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە و لای هێزەکانی سوریای دیموکرات گیراون، وەک جەختی لێکراوەتەوە ئەم بڕیارە چەکدارە سوریاییەکانی داعش ناگرێتەوە.

لەو ئۆردوگایەدا لە پارێزگای حەسەکە، زیاتر لە 64000 گیراو هەن ،بەپێی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و 24300 کەسیان سوریایین، لەوانەی ئاوارەبوون یان دەستگیرکراون لە کاتی شەڕەکانی دژی داعش دەکران.

عێراقییەکان زۆرترایەتین لەناو بیانییەکانی ئۆردوگاکەدا، ئەمە بێ لەوەی هەزاران کەسوکاری چەکدارەکانی داعش لەو ئۆردوگایەدان و خەڵکی زیاتر لە 50 وڵاتی جیهانن.

ڕیاز زرار دەڵێت ڕێگەدەدرێت بەو عێراقیانەی دەخوازن بگەڕێنەوە، بەڵام ئاماژەشی بەوە کردووە، زۆربەیان دەخوازن لە ئۆردوگاکەدا بمێننەوە چونکە ترسیان هەیە لەوەی پاش گەڕانەوەیان، لە عێراق دەستگیربکرێن و دادگایی بکرێن بەهۆی پەیوەندییەکانیانەوە لەگەڵ داعشدا.

ڕێکخراوە مرۆیی و نێونەتەوەییەکان زۆر جار ئاگاهییان داوە لەسەر ڕەوشی قورسی ژیان لەناو ئەو ئۆردوگایەدا بەهۆی ژمارەی زۆری خەڵک و کەمی خزمەتگوزارییەکانەوە. لە مانگی 8 ڕابردوودا، یەکەمینی توشبووەکان بە پەتای کۆرۆنا لە ئۆردوگاکەدا تۆمارکران.

هەر لەم چەند مانگەی ڕابردوودا، پشێوی و ئاڵۆزی لە ئۆردوگای ئەلهۆل ڕوویانداوە و هەوڵ بۆ ڕاکردن دراوە و ئافرەتانی توندڕەو بە چەقۆ لە پاسەوانەکانیان داوە، وەک هەوڵێک بۆ خۆ سەپاندن لەو بەشەی تایبەتە بە ئافرەتانی بیانی.

لە مانگی 3ی ساڵی 2019وە کە لەناوبردنی دەوڵەتی خەلافەت ڕاگەیەندراوە، کورد داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات تا هەر یەکە و گیراوەکانی خۆیان بەرنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، یانیش دادگایەکی نێونەتەوەیی دابنرێت بۆ دادگاییکردنی جیهادییەکان؛ بەڵام زۆربەی وڵاتان و بەتایبەتیش وڵاتانی ئەوروپایی سورن لەسەر ئەوەی هاوڵاتییەکانی خۆیان وەرنەگرنەوە.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات دەڵێت ئەو ئۆردوگایە بۆتە بارگرانی بەسەر بەڕێوبەرایەتی خۆسەرییەوە لە ڕووی ئاسایشی و دابین کردنی بژێوییەوە.

پێشتر کاربەدەستانی کورد لە مانگی 6ی ساڵی 2019وە 4345 کەسی سوریاییان لە ئۆردوگاکە ئازادکردووە، بەپێی ئۆفیسی ڕێکخەری کاروباری مرۆیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

هێزەکانی سوریای دیموکرات، دەیان گومانباری سوریاییان ئازادکردووە، پاش ئەوەی لەلایەن سەرۆک و شێخی عەشرەت و تیرەکانی ناوچەکەوە متمانەیان دراوەتێ.

هەر لە دامەزراندنیەوە، هەزاران چەکداری عەرەب پەیوەندییان کردووە بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی هەستی نەرێنی لە نێو کورد و عەرەبدا لە ناوچەکانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری، کە کورد جومگە سەرەکییەکانی ئەم بەڕێوبەرایەتیەی بەدەستەوەیە.

XS
SM
MD
LG