Accessibility links

دوای ئاگاهیدانەکەی برۆکسل، تورکیا کەشتییەکی تر دەکشێنێتەوە


کەشتییەکی تورکیا بۆ گەڕان بە شوێن سوتەمەنیدا گەڕاوەتەوە بەندەری وڵاتەکەی پاش ئەوەی سنورە مشتومڕ لەسەرە ئاویەکەی قوبرسی جێهێشتووە، هاوکاتی گەیشتنی سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ بۆ تورکیا کە بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتەشدا کۆببێتەوە.

نێوەندی دەریاوانیی تورکیا لە مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاند؛ کەشتی یافوز تا ڕۆژی 12ی مانگی 10 لە دەریای ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە.

بەڵام بنکەی چاودێری فیسل فایندەر دەڵێت کەشتییەکە لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەستیکرد بە کشانەوە و ئەمڕۆ دووشەممە لە بەندەری تاشوجوی تورکیا لەنگەری گرتووە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، تورکیا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەو کشانەوەیە نەداوە.

پێدەچێت ئەم هەنگاوەی تورکیا بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە بێت هاوکاتی گەیشتنی سکرتێری گشتی ناتۆ بۆ تورکیا و ئامادەکارییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ وتووێژکردن لەگەڵ سکرتێری ناتۆدا سەبارەت بە قەیرانی سنور لەگەڵ یۆنان و قوبرسدا و هەروەهاش مافی گەڕان بە شوێن سوتەمەنیدا.

تورکیا و یۆنان کە هەردووکیان ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆن، نیگەرانییان بۆ ئەم هاوپەیمانێتیە لەشکرییە دروستکردووە، بەتایبەتیش کە هەردوو وڵات لە مانگی هەشتی ڕابردوودا مانۆڕی لەشکریانەی خۆیان کرد وەک پشتیوانی بۆ داواکانی خۆیان کە تایبەت بوون بە سنور و بە سوتەمەنییەوە.

ئاستی پشێویەکان بەرەو کەمبوونەوە چوون، کاتێک ئانکەرە و ئەسینا قایل بوون بە دەستپێکردنەوەی وتووێژی ڕاستەوخۆ لە ئەستانبوڵ. ئەمەش یەکەمین جار بوو قایل بن بە دانوستاندنی ڕاستەخۆ لەوەتای ساڵی 2016وە، بەڵام هێشتا ڕۆژێک دیارینەکراوە بۆ دەستپێکردنی ئەو وتووێژانە.

لە مانگی ڕابردوودا، تورکیا کەشتییەکی تری ڕووپێوکردنی گەڕاندەوە، کە 6 مانگ بوو لە نزیک دوڕگەیەکی یۆنانیەوە دانرابوو و ژمارەیەک کەشتی جەنگیشیی لەگەڵدا بوون.

ئەو کاتە سەرۆکی تورکیا وتی " تورکیا ئەو کەشتییە دەکشێنێتەوە، ئەوە یانی دەرفەتێک بە بواری دیپلۆماسی دەدەین."

ڕۆژی هەینی، ڕێبەرانی یەکێتی ئەوروپا ئاگاهییان داوە بە تورکیا بەوەی برۆکسل سزا دەسەپێنێتە سەر تورکیا ئەگەر بێتوو ڕەفتارە تاک لایەنەکانی خۆی ڕانەگرێت و درێژە بدات بە جموجۆڵەکانی خۆی بۆ گەڕان بە شوێن سوتەمەنیدا.

ئانکەرە ئەو ئاگاهییەی ڕەتکردەوە و بە کارێکی نەگونجاو ناودێری کرد.

لە هەفتەی ڕابردوودا هاوپەیمانێتی ناتۆ یارمەتی هەردوو وڵاتی دا، بۆ دانانی هێڵێکی گەرمی لەشکری لە نێوان هەردوو وڵاتدا بە مەبەستی خۆ لادان لەهەر ئەگەرێکی پێکدادان.

ڕۆژی پێنجشەممەش سکرتێری گشتی ناتۆ ئاماژەی بەوەکرد وەک دەڵێت "دانانی ئەو هێڵە گەرمە بۆ تورکیا و یۆنان بەمەستی ڕەخساندنی ڕووبەری پێویستە بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ سەروسەوداکردن لەگەڵ قەیرانەکەدا و ئێمەش ئامادەین بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئەو هێڵە گەرمە."
بڕیارە سکرتێری گشتی ناتۆ، ڕۆژی سێشەممە سەردانی ئەسینا بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کیریاکۆس میتسوتاکیس، سەرەک وەزیری یۆنان.

XS
SM
MD
LG