Accessibility links

زیاتر لە 100 جیهادی لە مالی ئازاد دەکرێن


وڵاتی مالی، زیاتر لە 100 گومانبار و تاوانبارکراوی جیهادییەکانی ئازاد کردووە وەک بەشێک لە دانوستاندنانەی دەکرێن بۆ ئازادکردنی سیاسەتمەدارێکی ناوداری وڵاتەکە و کارمەندێکی ڕفێندراوی ڕێکخراوێکی خێرخوای فەڕەنسایی.

یەکێک لە سەرچاوە نزیکەکان لەو وتووێژانەوە، بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێسی وتووە "وەک بەشێک لە دانوستاندنەکان بۆ ئازادکردنی سۆومایلا کیسی و سۆفیا پیترۆنین، زیاتر لە سەد زیندانیکراوی جیهادی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئازادکراون."

کاربەدەستێکیش لە دەزگای ئاسایشی وڵاتی مالی ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردۆتەوە.

گیراوەکان لە هەرێمی نیۆنۆ لە ناوەڕاست و هەرێمی تیساڵیت لە باکوری وڵاتەکە ئازادکراون پاش ئەوەی بە فڕۆکە گواسترابوونەوە بۆ ئەو دوو هەرێمەی وڵاتی مالی، وەک کاربەدەستە ئاسایشییەکە باسی کردوە.

سۆفیا لە مانگی 12ی ساڵی 2016دا لەلایەن چەکدارە جیهادییەکانەوە ڕفێندرابوو، هەروەها سۆومایلا، کە ڕێبەرێکی پێشووی ئۆپزسیۆن و 3 جاریش کاندید بووە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، ڕۆژی 25ی مانگی 3 ڕفێندرابوو، هاوکاتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی مالی.

وڵاتی مالی، کە فەڕەنسا و ئاشتی پارێزانی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی دەکەن، 8 ساڵە یاخیبوونێکی ئیسلامی تیادایە و بەهۆی ئەو ڕەوشەشەوە هەزاران کەس کوژراون.

XS
SM
MD
LG