Accessibility links

وێڕای پەیمانەکانی کازمی بەڵام هێرشەکان بۆسەر گرین زۆن بەردەوامن


لەشکری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت 2 موشەکی جۆری کاتیوشا درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە داویانە لە گەڕەکی جادریە، لە نزیک ناوچەی سەوزی بەغداوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی لەشکری عێراقدا هاتووە کە هیچ زیانێکی گیانی بەهۆی ئەو هێرشە موشەکییەوە نەبووە.

یەکێک لە موشەکەکان لە نزیک ئوتێلی بابیلیۆنەوە داویەتی بە زەویدا، کە گەشتیاری عێراقی لێی دەمێننەوە و هەروەها هەندێک جاریش کۆبوونەوەی حکومەتی تیادا دەکرێت.

لەشکر لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، لۆمەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی کردووە بۆ ئەو هێرشە موشەکییە و دەشڵێت "کاتیوشاکان لە ناوچەیەکی ڕۆژئاوای بەغدای پایتەختەوە تەقێندراون."

موشەک هاویشتن لەوبەری ڕووباری دیجلەوە بۆ گرین زۆن لە بەغدا وەک بارێکی ئاسایی لێهاتووە. موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ گەورە دیپلۆماتانی وڵاتان لە عێراقدا، پەیمانی پاراستنی باڵیۆزخانەکانی داوە و هەروەها پەیمانیشی داوە چەک تەنها بۆ هێزە ئاسایشییەکانی دەوڵەت سنورداربێت. ئەو کۆبوونەوەیەش دوابەدوای هەڕەشەی ئەمریکا بوو کە باڵیۆزخانەکەی خۆی لە بەغدا دادەخات.

واشنتۆن لۆمەی ئەو هێرشانە لە ئەستۆی میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەنێت. تاران ڕاستەوخۆ هیچ تێبینییەکی لەسەر ئەو ڕووداوانە نەداوە.

عێراق زۆر جار مەیدانی ململانێی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بووە، دەشخوازێت خۆی بپارێزێت لەوەی ڕابکێشرێتە ناو هیچ قەیرانێکی ناوچەکەوە.

XS
SM
MD
LG