Accessibility links

لە نێوەندی ناڕەزایەتییەکاندا شەڕی ناگۆرنۆ کاراباخ بەردەوامە


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەڵێت وەها چاوەڕوان دەکات تورکیا کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئازەربایجانە کاریگەرییە بەرچاوەکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ هێورکردنەوەی قەیرانی هەرێمی جوداییخوازی ناگۆرنۆ کاراباخ.

سکرتێری گشتی ناتۆ، هاوکاتی سەردانەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی بۆ ئانکەرە دەڵێت "زۆر بە قوڵی نیگەرانی هەروادێ و بەرزبوونەوەی ئاستی شەڕەکانین."

پێکدادانەکان لە نێوان هێزە سەربازییەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان لەمڕۆ دووشەممەدا درێژەیان هەبووە، لەسەر هەرێمی ناگارنۆ کاراباخی مشتومڕ لەسەر. بەردەوامی شەڕەکان هاوکاتە لەگەڵ هەروادێ و زیاتر بوونی مەترسی و نیگەرانییەکان لەسەر خەڵکی سیڤیل، پاش ئەوەی هەردوو وڵات تۆپبارانی شارە سەرەکییەکانی یەکتریان کردووە.

هێزە سەربازییەکانی جوداییخوازان لە کاراباخ ئاماژەیان بە شەڕێکی قورس و تۆپبارانێکی خەست کردووە بە درێژایی بەرەکانی شەڕ لە ناوچەی ستیپانکرت.

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان دەڵێت، هێزە سەربازییەکانی ئەرمینیا تۆپبارانی 3 شارۆچکەی تری وڵاتەکەی کردووە، دوای تۆپباران کردنەکەی ڕۆژی یەکشەممەی شاری گەنجا، دووهەم گەورەترین شاری ئازەربایجان.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لایەکی ئەم قەیرانە ئاماژەی بە کشانەوە نەکردووە و داوا نێونەتەوەییەکانیشیان بۆ ئاگربەست و بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی دەمێکە لە بنبەستیان داوە، فەرامۆش کردووە.

شاری ستیپانکرت کە دەکەوێتە ناوجەرگەی ناوچەیەکی شاخاویەوە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 50 هەزار کەسە، لە ڕۆژی هەینییەوە لەژێر تۆپبارانێکی قورسدایە.

وەزارەتی دەرەوەی جوداییخوازان دەڵێن لە کاتژمێر 6:30ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە شاری ستیپانکرت لە ژێر تۆپباراندایە. جوداییخوازان فلیمی ڤیدیۆییان بڵاوکردۆتەوە.

ئەرمینیا و ئازەربایجان دەڵێن لەوەتای شەڕ دەستیپێکردووە، 244 کەس کوژراون و 60 کەسیان خەڵکی سیڤیلن، بەڵام وەها پێشبینی دەکرێت کە ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوەکان زۆر زیاتر بن لە کاتێکدا هەردوو وڵات دەڵێن زیانی گەورەی لەشکرییان داوە لە لایەکەی تر.

ڕێکخراوی نێونەتەوەیی خاجی سور، ناڕەزایی خۆیی دەربڕیوە بەرامبەر تۆپبارانکردنی ناوچە سیڤیلیەکان و هەندێک ڕێکخراوی تریش دەڵێن چەک و بۆمبی نایاسایی بەکارهێنراون لە شارەکان و شارۆچکەکان و ناوچەکانی تری دانیشتواندا.

XS
SM
MD
LG