Accessibility links

گەورە کاربەدەستانی ئەمریکا و ئێران سەردانی کوێت دەکەن


گەورە کاربەدەستانی ئەمریکا و هەروەها ئێرانیش سەردانی وڵاتی کوێت دەکەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ میری نوێی کوێتدا.

شێخ نەواف ئال ئەحمەد ئال سەباح، لە هەفتەی ڕابردوودا سوێندی یاسایی خوارد وەک میری نوێی کوێت.

شێخ نەواف، جێی شێخ سەباح ئال ئەحمەد ئال سەباحی زڕ برای گرتەوە کە لە تەمەنی 91 ساڵیدا مرد.

لەو ناوچەیەدا، شێخ سەباح وەک ناوبژیوانێک ناسرابوو و لە بواری دیپلۆماسیدا، ئەمەش ڕوانینی ئەو گەورە کاربەدەستانەی هەردوو وڵاتی ڕکابەر، ئێران و ئەمریکا بوو هاوکاتی سەردانەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیان بۆ کوێت.

مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ میری نوێی کوێتدا، پرسە و ماتەمی خۆی بۆ مردنی میری پێشووی ولاتەکە دەربڕی.

شێخ نەواف، لەو کۆبوونەوەیەدا نیگەرانی خۆی بەرامبەر ڕەوشی تەندروستی سەرۆک ترامپ دەربڕیوە و دەڵێت خۆشحاڵە بەوەی ڕەوشی تەندروستی سەرۆک ترامپ بەرەو باشبوونەوە دەڕوات.

سەرۆک ترامپ لە نەخۆشخانە هێڵراوەتەوە چونکە پشکنینەکان دەریانخست کە توشی پەتای کۆرۆنا بووە.

موحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بە جیا لەگەڵ میری نوێی کوێتدا کۆبۆتەوە هەروەهاش لەگەڵ وەزیریدەروەی کوێتدا کۆبوونەوەی هەبووە و پرسەنامەی خۆی پێشکەش کردووە.

زەریف، جەختی لە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردۆتەوە بۆ وڵاتی کوێت، وەک لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا نوسراوە.

کوێت و ئەمریکا هاوپەیمانێکی نزیکن و ڕێککەوتنی بەرگری هەیە لەنێوان هەردوو وڵاتدا، ئەم ڕێککەوتنە لە ساڵی 2022دا وادەکەی بەسەردەچێت.

کوێت توانیویەتی هاوسەنگی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئێران و شانشینی عەرەبستانی سعودیەشدا ڕابگرێت.

لە ساڵی 1991 دا هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا هێزە سەربازییەکانی سەدام حوسەین، دیکتاتۆری پێشووی عێراقی لە وڵاتی کوێت دەرکرد، پاش 7 مانگ لە داگیرکردنی کوێت.

وەزیری بەرگری ئەمریکا بەر لە گەیشتنەکەی ڕۆژی یەکشەممەی بۆ کوێت، سەردانی وڵاتی قەتەری کردووە و لەوێش وتووێژی کردووە لەسەر گرنگی هەبوونی هاوبەشییەکی بەرگری لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

وڵاتی کوێت، وەک ناوبژیکارێک کاری کردووە لە نێوان قەتەر و وڵاتە دراوسێکانی کەنداویدا، پاش ئەوەی شانشینی عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و بەحرەین گەمارۆیان خستە سەر قەتەر لە ساڵی 2017دا.

XS
SM
MD
LG