Accessibility links

شەڕەکان قورستر دەبن و ئەرمینیا و ئازەربایجان داوا نێونەتەوەییەکان فەرامۆش دەکەن


هێزە سەربازییەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان موشەک بارانی یەکتریان کردووە هاوکاتی قورستربوونی شەڕی نێوان ئەم دوو وڵاتە لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ، بۆردومانی پایتەختی هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ و هەروەها دووهەم گەورەترین شاری ئازەربایجان کراوە.

یەریڤان دەڵێت ستیپاناکرت شاری سەرەکی هەرێمەکە لە ڕۆژی هەینییەوە تۆپباران دەکرێت و ئەمڕۆش یەکشەممە جارێکی تر بۆردومان کراوەتەوە. سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە دەکەن بەوەی لە چەند شوێنێکی شارەکەوە دەنگی تەقینەوە بیستراوە و بە هەمان شێوەش دوكەڵ لە چەند شوێنێکی ئەم شارە سەرەکییەی ناگۆرنۆ کاراباخەوە هەڵساوە.

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان دەڵێت شاری گەنجا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 330 هەزار کەسن و دەکەوێتە ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە، بۆردومان کراوە و جوداییخوازانیش دەڵێن لە ئاکامی ئەو بۆردومانەیان بنکەیەکی هێزی ئاسمانی خاپورکراوە.

هەردوو وڵات یەک ئەوەی تریانی گوناهبارکردووە بەوەی ناوچە سیڤیل نشینەکانیان کردۆتە ئامانجی بۆردومان و تۆپبارانەکانیان.

ئەرمینیا و ئازەربایجان، داوا نێونەتەوەییەکانیان فەرامۆش کردووە بۆ ئاگربەست و لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا شەڕەکان قورستر بوون و هەردوو وڵاتیش سەرکەوتن لە بەرەکانی شەڕدا ڕادەگەیەنن و دەشڵێن زیانی گەورەیان لەلایەنی بەرامبەر داوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا دەڵێت شاری ستیپاناکرت و هەروەها شارۆچکەی مارتاکرت کەوتوونەتە ژێر هێرشی موشەکەکانی ئازەربایجانەوە و هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجانیشی بەوە گوناهبارکردووە، وەک دەڵێت "بە مەبەست دانیشتوانی سیڤیل دەکەنە ئامانج."

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا دەڵێت، هێزی ئاسمانی ئازەربایجانیش بەشداری لە بۆردومانکردنەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەدا کردووە. سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن دەنگی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە شاری ستیپاناکرت بیستراوە.

ئازەربایجان دەڵێت بۆردومانەکانی شاری گەنجا، لە دەرەوەی کاراباخەوە کراوە.

حیکمەت حاجیێڤ، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئازەربایجان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "هێزە سەربازییەکانی ئەرمینیا بە موشەک هێرشیان کردۆتە سەر شاری گەنجا و هێرشەکانیش لەناو خاکی ئەرمینیاوە کراون."

هەر لەو ڕاگەیاندنەدا حاجیێڤ دەڵێت هێزە سەربازییەکانی ئەرمینیا، بە تۆپی قورس و موشەک هێرشیان کردۆتە سەر هەردوو شارۆچکەی تێرتەر و گۆرادز لەناو ئازەربایجاندا.

XS
SM
MD
LG