Accessibility links

دووهەم کەشتی نەوتی ئێرانی دەگاتە سنوری ئاوی ڤەنزوێلا


دووهەم کەشتی نەوتی ئێرانی ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە سنوری دەریایی ڤەنزوێلا بۆ گەیاندنی سووتەمەنی بەو وڵاتە کە گیرۆدەی پیشەسازییەکی داڕۆخاوی نەوت و سزاکانی ئەمریکایە و بەم هۆشەوە هاوردە و هەناردەی ئەو وڵاتەی پەکخستووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی کۆمپانیای ڕیفێنێتیف ئیکۆن کە چاودێری کەشتییەکان و سەرچاوەکانیان دەکات کەشتی فۆرچێن بە ئاڵای ئێرانەوە لە کاتژمێر 1:45 خولەکی شەو گەیشتۆتە شوێنی تایبەتی خۆی لە هەمان ڕێگای کەشتی فۆرستەوە کە ڕۆژی دووشەممە لە بەندەری ئێل پالیتۆی ڤەنزوێلا بۆ گەیاندنی سووتەمەنی لەنگەری گرت.

بەپێی سەرچاوەکان بڕیارە کەشتی سێهەم بە ناوی فاکسۆن کۆتایی ئەم هەفتە بۆ تەواوکردنی ئەرکەکەی کە گەیاندنی نزیکەی 820 هەزار بەرمیل نەوتی ئێرانی و چەند سوتەمەنییەکی دیکەیە بە کۆمپانیای حکومەتی سووتەمەنی ڤەنزوێلا بگاتە وڵاتەکە.

سەرچاوەکان دەڵێن کە کەشتییەکان تا ئێستا بەبێ هێچ کێشەیەک لە ئۆقیانووسی ئاتلانتیکەوە تێپەڕیوون.

وەزارەتی نەوتی ڤەنزوێلا و PDVSA لەم بارەیەوە هیچی ڕانەگەیاندووە.

پیشەسازییە نەوتییەکانیانی ڤەنزوێلا و ئێران، هەردوو بە هۆی سزاکانی ئەمەریکاوە تووشی داڕمان و زیان بوونەتەوە. هەردوو وڵات ئەمساڵ بە بەهێزکردنی بازرگانی دوولایەنە کە بریتیە لە کەرەستەی خاو، گاز وسوتەمەنی، بەشەکانی پاڵاوگەکان، زێڕ و خۆراک پەیوەندییەکانیان بەهیزتر کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵات ڕۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەکی ئۆنڵاینان هەبوو بۆ تاوتوێ کردنی بازرگانی و پێشنیارێکی نیکۆلاس مادۆرۆ،سەرۆکی ڤەنزوێلا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی ئەو وڵاتانەی کە رووبەڕووی سزاکانی ئەمەریکا بوونەتەوە.

بە گوێرەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە ڤەنزوێلا ناڕەزاییەکان زیادی کردووە بە هۆی کەمی بەنزین و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا و گازی چێشتلێنانیش.

مارکۆ پۆنس بەڕێوەبەری ڕێکخراوێک کە چاودێری بۆ ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند " ئەگەر کەشتییەکان لە ئێران یان لە هەر شوێنێکی دیکەوە بگەن و تەنانەت ئەگەر بەنزینیش دابەش بکرێت خۆپیشاندان بۆ داوای مافی دیکە بەردەوام دەبێت ".

XS
SM
MD
LG