Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەڵێن دەدات لێکۆڵینەوە دژ بە ئەنجامدەرانی دەستدرێژی سێکسی لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ دەکات


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لەو ڕاپۆرتە تازە بڵاوکراوانەوە دەکات کە باس لە چەوسانەوە و دەستدرێژی سێکسی دەکەن بۆ سەر ژنانی کۆنگۆ لەلایەن کارمەندانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە کە بۆ بەرنگاربوونەوەی ئیبۆڵا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆدا بوون.

لێکۆڵینەوەیەکی کە لەلایەن ئاژانسێکی نوێی مرۆیی و دامەزراوەی تۆمسۆن ڕۆیتەرز ئەنجام دراوە ڕادەگەیەنێت زیاتر لە 50 ژن فشاریان بۆ براوە کاری سێکسی بکەن بۆ بەدەستهێنانی کار لە نێوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیبۆلا لە ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ. ئەو ژنانە هاوکارە پیاوەکانیان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێکخراوە باڵا ناحکومییەکانی تر بە هەراسانکردنیان تۆمەتبار کردووە.

خانمە گوتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی فەدیلا چایب ڕایگەیاند بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسەکە ئەو تۆمەتانە بە جددی وەردەگرێت و فەرمانی داوە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیەکی سەرتاسەری و شەفاف ئەنجام بدرێت.

ئەو گوتیشی ئەگەر ستافی WHO، هاوبەشەکانی یان گرێبەستەکانی تاوانباربن، ڕێکخراوەکە بڕیارێکی توند لە دژیان دەردەکات و دەستبەجێ دەردەکرێن یان گرێبەستەکەیان لەگەڵ هەڵدەوەشێندریتەوە.

لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە زۆربەی پیاوەکان خواردنەوەیان داوە بە ژنەکان و سەرخۆشیان کردوون و دواتر دەستدڕێژیان کردۆتە سەریان یان ناچاریان کردوون بە پەیوەندی سیکسی لە بەرامبەر پێدانی پیشە یان کارێکدا و گەر ژنەکان بەو پەیوەندییە قایل نەبوونایە ئەوا گرێبەستەکانیان کۆتایی پێدەهێنرا.

نزیکەی 80 % ی ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە لە ئاستی جیهاندا ڕایناگەیەنن. ئەو دەستدرێژیانەش کە گوایە لە کۆنگۆش ئەنجام دراون بەهەمان شێوە ڕانەگێنراون. بە پێی ڕاپرسییەک کە بەشێک بوو لە لێکۆڵینەوەکان بۆی دەرکەوتووە کە 18 دامەزراوەی بەشدار بۆ بەرنگاری ئیبۆلا وتوویانە کە هیچ جۆرە ڕاپۆرتێکیان لەبارەی دەستدرێژی سێکسیەوە پێنەگەیشتوە.

زۆربەی ئەو ژنانەی کە بەشدارییان لە لێکۆڵینەوەکەدا کردووە، دەڵێن، کە بێ ئاگابوون لە چۆنیەتی ڕاگەیاندنی دەستدرێژییەکان.

ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و کارمەندانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان ئەوەیان پشتڕاست کردوەتەوە کە پلانی سێکس لە بەرامبەر کاردا لە کۆماری دیموکراتیکی کۆنگۆدا بەربڵا و بەرچاوە.

هەروەها بەرپرسان ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە چەندین ستراتیژی جێبەجێکراو بۆ بە ئامانجگرتنی چەوساندنەوە ودەستدرێژی سێکسی لە ناوچەکەدا شکستی هێناوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ساڵی 2019 نزیکەی 81% ی گرووپی بەرنگاربوونەوەی ئیبۆلا کە بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کاریان کردوە پیاو بوون.

پسپۆڕان دەڵێن بەشداری کردنی زیاتری ژنان لە سیستەمی بەرنگاربوونەوەی باری لەناکاودا هەنگاوێکی گرنگە لە گۆڕینی داینامیکی هێزی گەیاندنی یارمەتییەکاندا.

لێکۆڵینەوەکانی پێشوو لە کێشەکانی هاوشێوەدا بۆ هەوڵەکانی بەرنگاربوونەوەی باری لە ناکاو بۆیان دەرکەوتوە کە ئەو جۆرە دەستدرێژیانە لە شوێنەکانی وەک بۆسنیا، هایتی و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاستیش ڕوویانداوە.

چەندین دەزگا هەزاران کارمەندی هاوکاریان لە ساڵی 2018دا ناردە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ کاتێک نەخۆشی ئیبۆلا لەو ناوچەیەدا بڵاوبۆوە وئەمەش بڕی 700 ملیۆن دۆلاری تێچوو.

XS
SM
MD
LG