Accessibility links

بەریتانیا تابلۆ شوێنەوارە مێژووییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ عێراق


بەریتانیا تابلۆیەکی هەڵکۆڵراوی تەمەن 4 هەزار ساڵ، دەگەڕێنێتەوە بۆ عێراق پاش ئەوەی لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە یەکێکە لەو پارچە شوێنەواریانەی لە عێراق دزراوە.

یەکەیەکی تایبەتمەندی پۆلیس داوای لە ژمارەیەک پسپۆڕی مێژوویی و شوێنەوار کردووە تا بەشداری لە لێکۆڵینەوەیەدا بکەن پاش ئەوەی مانگی 5ی ساڵی پار، ئەو تابلۆ هەڵکۆڵراوە لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت دانرابوو بۆ فرۆشتن، بەبێ ئەوەی زانیاری لەسەر ئەو پارچە هونەرییە درابێت کە هی چ وڵاتێک یان ناوچەیەکی جیهانە.

هەرچەندە لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت وەها نوسرابوو، کە تابلۆیەکی مێژوویی ئەکەدییەکانی ڕۆژئاوای ئاسیایە، بەڵام پسپۆڕان جەختیان کردۆتەوە لەوەی ئەو تابلۆ هەڵکۆڵراوە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 2400 ساڵ پێش زایین و بەشێکیشە لە دیواربەندییەکی پەرستگایەکی ئەو کاتەی سۆمەرییەکان.

ئەو پەرستگایە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستدا جارێک تاڵان کراوە، لە یەکەم شەڕی کەنداودا لە سەرەتای ساڵانی نەوتەکانیشدا جارێکی تریش تاڵان کراوەتەوە و دواترین جاریش لە ساڵی 2003دا هاوکاتی شەڕی عێراق تاڵان کرایەوە.

مۆزەخانەی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت " ئەو تابلۆ هەڵکۆڵراوە گرنگە، بە نایاسایی لە عێراق بردراوەتە دەرەوە و دەسەڵاتداران لە بەریتانیا ئاشکرایان کردووە."

لە بەشێکی تری ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ئەو جۆرە تابلۆ مێژووییانە دەگمەنن و لە هەموو جیهاندا نزیکەی 50 دانەی ناودار و ناسراو هەن.

لەگەڵ ئەم تابلۆ هونەریەدا، بڕیارە بەریتانیا 154 پارچەی تر کە نوسینی مسمارییان لەسەرە بگەڕێنێتەوە بۆ عێراق. نوسینی مسماری یەکێکە لە دێرینترین نوسینەکان لە جیهاندا. ساڵی 2011 کاتێک ویستراوە ئەو تابلۆ نوسراوانە ببرێنە بەریتانیاوە، دەستیان بەسەردا گیراوە.

XS
SM
MD
LG