Accessibility links

سڤیتلانا بە مەرج سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر بێلاڕوس پەسەند دەکات


ڕێبەری ئۆپزسیۆنی بێلاڕوس داوا لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا دەکات تا ناوبژی لە قەیرانی سیاسی وڵاتەکەیدا بکات و دەڵێت ماکرۆن دەتوانێت ڕوسیا بێنێتە ناو دۆسێی دەستپێکردنی دیالۆگەوە.

سڤیتلانا تیکانۆڤسکایا، بە ئاژانسی دەنگوباسی فەڕەنساشی ڕاگەیاندووە، پێویستە پلانی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا، ئەو کارداریانەش لە خۆ بگرن کە پشتیوانی لە ڕژێمە سەرکوتکارەکەی سەرۆک ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ دەکەن.

ڕێبەری ئۆپزسیۆنی بێلاڕوس لە لێدوانەکانیدا بۆ ئاژانسی فڕانس پرێس دەڵێت "خۆپیشاندانەکان ڕاناوەستن و خەڵک بەو ڕژێمە قایل نابن کە ئەم هەموو ساڵە لەگەڵیدا ژیاون." هەروەها دەشڵێت هیوادارە لە میانەی سەردانە دوو ڕۆژییەکەی ماکرۆن بۆ لیتوانیا بتوانێت لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسادا کۆببێتەوە، کە درەنگانێکی ئەمڕۆ دووشەممە دەستپێدەکات.

ئەگەر ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت، ئەوا دەبێتە باڵاترین کۆبوونەوەی ڕێبەری ئۆپزسیۆنی بێلاڕوس، لەوەتای هەڵبژاردنە مشتومڕ لەسەرەکەی وڵاتەکەی و هەروەها پاش چەندان هەفتەی خۆپیشاندانی بێ پێشینەی بێلاڕوس کە ڕێبەری ئۆپزسیۆن بۆخۆی هاندەری بووە.

سڤیتلانا پێشتر کۆبوونەوەی هەبووە لەگەڵ ڕێبەرانی پۆڵەندا و لیتوانیای دراوسێیدا، ئەم دوو وڵاتەش ڕۆڵی پێشەنگیان هەبووە لە دیپلۆماسیەتی یەکێتی ئەوروپادا لەسەر دۆسێی بێلاڕوس و هەروەهاش لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپادا لە برۆکسل.

یەکێتی ئەوروپا سزادانی لۆکاشینکۆ و گەورە کاربەدەستانی تری بێلاڕوس تاووتوێ دەکات کە وەک بەرپرسیار دەبینرێن لە سەرکوتکردنە توندوتیژ ئامێزەکانی وڵاتەکەیاندا.

ڕێبەری ئۆپزسیۆنی بێلاڕوس جەخت دەکاتەوە لەوەی نابێت ئەو سزایانە سزای گشتی ئابوری بن و خەڵک بەهۆی ئەو سزایانەوە دووچاری مەینەتی ببن.

XS
SM
MD
LG