Accessibility links

هیندستان و پاکستان تەقە لە یەکتر دەکەن


لەشکری پاکستان ڕایدەگەیەنێت هێزە سەربازییەکانی هیندستان لە ناوچە سنورییەکانی کەشمیرەوە، تەقەیان کردووە و سەربازێکی پاکستانی کوژراوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی لەشکری پاکستاندا ئاماژە بەوە کراوە، سەربازەکانی وڵاتەکە تەقەیان لە پێگەکانی لەشکری هیندستان کردووە و تەقەکردنەکانیش بوونەتە مایەی ئاگر کەوتنەوە لە سنوری هیندستاندا و زیانێکی زۆریشی هەبووە، بەڵام هیچ باسێک لە وردەکاری زیاتری زیانەکان نەکراوە.

لەشکری هیندستانیش دەڵێت، هێزەکانی بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی تەقەکردن و بۆردومانی هێزەکانی پاکستانی داوەتەوە لەسەر ئەو هێڵەی بۆ چاودێری دانراوە لە سنوری شاری ڕاجوری، لە باشوری وڵاتەکەدا. لەم ڕاگەیاندنەشدا هیچ ئاماژەیەک بە زیانی ماڵی و گیانی نەکراوە.

هیندستان و پاکستان وەک بارێکی ئاسایی یەکتر گوناهبار دەکەن بە هێرشکردنی بێ بیانوو لە ناوچە کێشمەکێش لەسەرەکەی کەشمیردا، ئەم جۆرە هێرشکردنانەش وەک پێشێلکاری دەبینرێت بۆ ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2003 مۆرکرا بۆ ئاگربەست.

پاکستان دەڵێت تەنها لەمساڵدا هیندستان زیاتر لە 2000 جار ئاگربەستی پێشێلکردووە.

کەشمیر لە نێوان ئەم دوو ڕکابەرەدا دابەشبووە کە هەردووکیان خاوەنی چەکی ناوکین و نیودەلهی و ئیسلام ئابادیش جەخت دەکەنەوە لەوەی مافی خۆیانە کۆنترۆڵی تەواوەتییان هەبێت بەسەر کەشمیردا.

لە مانگی 2ی ساڵی 2019دا، کێشەکان زیاتر پەرەیان سەند کاتێک هێرشبەرێکی خۆکوژ لە کەشمیری هیندستاندا خۆی تەقاندەوە و 40 سەربازی هیندستان کوژران. دوابەدوای ئەو ڕووداوە نیودەلهی، بە هێرشی ئاسمانی بۆسەر پاکستان وەڵامی خۆی دایەوە و دەیگوت هێرشە ئاسمانیەکانی، ئەو چەکدارانەی کردبوونە ئامانج کە لە پاکستانن و بەرپرسیارێتی هێرشە خۆکوژییەکەیان لە ئەستۆیە.

XS
SM
MD
LG