Accessibility links

وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا جووەکان دڵنیا دەکاتەوە


وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا پەیمان دەدات بۆ پاراستنی جووەکانی وڵاتەکەی لە توندڕەوان.

ئەم ڕاگەیاندنەی جێراڵد دارمانیان، هاوکاتی سەردانەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی بوو بۆ کنیشتێکی جووەکان و دەشڵێت زیاتر لە 7000 سەرباز و پۆلیسی فەڕەنسایی سروتە ئاینیەکانی کۆتایی ئەم هەفتەیەی جووەکان دەپارێزن.

گەورەترین ژمارەی کۆمەڵگەی جوو لە ئەوروپادا، لە فەڕەنسایە.

لە لێدوانەکەیدا بۆ پەیامنێران، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا دەڵێت "هاتووم تا ئەندامانی کۆمەڵگەی جوو لە فەڕەنسا دڵنیا بکەمەوە لەوەی دەوڵەتی فەڕەنسا دەیانپارێزێت، دەزانین جووەکان بوونەتە ئامانجی هێرشی ئیسلامییەکان و ئاشکراشە دەبێت بیانپارێزین."

هەر لەو لێدوانەیدا، دارمانیان، داکۆکی لە چۆنیەتی سەروسەوداکردنی دەسەڵاتداران کرد لەگەڵ ئەو ڕووداوانەدا و دەڵێت " دەزگا هەواڵگرییەکان توانیویانە ڕێگە لە 32 هێرشی تێرۆرکاری بگرن لە 3 ساڵی ڕابردوودا."

بەهۆی هێرشەکانی توندڕەوانەوە بۆ سەر چارڵی ئەبدۆ لە مانگی یەکی ساڵی 2015دا 17 کەس کوژران و هێرشەکەی ڕۆژی هەینی ڕابردووش کە دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا بە هێرشێکی تێرۆرکاری ناودێریان کردووە، هاوکات بووە لەگەڵ پرۆسە دادگاییەکەی ئەو هێرشانەی ساڵی 2015دا.

گومانباری هێرشەکەی ڕۆژی هەینی بە لێکۆڵەرانی وتووە، ئامانجەکەی چارڵی ئەبدۆ بووە، پاش ئەوەی سەرلەنوێ وێنە کاریکاتێرییەکانی پێغەمبەری موسڵمانانی بڵاوکردۆتەوە.

یەکێک لەو گومانبارانەی دەستگیرکرابوو، ئازاد کراوە، وەک پارێزەرەکەی دەڵێت "هەوڵی ڕیگەگرتنی دابوو لە هێرشبەرەکە و پێویست بوو بە قارەمان ناودێر بکرێت نەک دەستگیر بکرێت."

XS
SM
MD
LG