Accessibility links

کاردانەوەکان لەمەڕ ساڵڕۆژی رفراندۆمی هەرێمی کوردستان


ڕۆژی 25 ی 9 ساڵڕۆژی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستانە بەشێکی زۆر لە سیاسەتمەداران و هاووڵاتیان و توێژی جیاجیا بە ڕۆژێکی مێژوویی و گرنگ بۆ گەلەکەیان ناودێری دەدەن و بەشێکی تریش پێیان وایە ئەنجامدانی ریفراندۆم بریارێکی هەڵەی سیاسەتمەدارانی کورد بووە و بەهۆی ئەو ریفراندۆمەوە هەرێمەکەیان ڕووبەڕووی چەندین کێشە و گرفت و شکست کردووە.

موسەدەق توڤی نووسەر و ڕۆژنامەوانە وەک خۆی دەڵێت زیاتر لە پەنجا ساڵە لە نێو کاری نووسین و ڕۆژنامەوانیدایە سەبارەت بە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم و پشتگیری ئەوان بۆ ئەو ریفراندۆمە و ئەنجامەکانی ریفراندۆم بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" بینیم ئەمە یەکەمین جارە خۆمان بریار لەسەر چارەنووس و دواڕۆژی خۆمان بدەین بۆیە بە پێویستم زانی پشتگیری ریفراندۆم بکەم وەکو کوردێک کە لەگەڵ ڕووداوەکاندا ژیاوم، هەرچەندە ریفراندۆم شکستی هێنا و سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا بەڵام دوکیۆمێنتێکی مێژوویمان نووسی کە لەو دوکیۆمێنتەدا 93% ی خەڵکی کوردستان داوای سەربەخۆیی کرد ئەو دوکیۆمێنتە بۆ ئەمڕۆ و دەیان ساڵی تریش دەبێتە دوکیۆمێنتێک کە بەڵێ خەڵکی کوردستان داوای سەربەخۆیی دەکات ئەگەر ساڵی 21 و 25 کاتێک باشوری کوردستان بەعێراقەوە بەسترایەوە خەڵکێک لە جیاتی ئێمە بریار بدەت ئەوا ئێمە لە ریفراندۆم بڕیار لەسەر دواڕۆژی خۆمان دا بەڵام خەڵکێک ئەو بڕیارەی لێ سەندینەوە."

بەشێک لە کەسایەتی و سیاسی و توێژی جیاجیا لە هەرێمی کوردستاندا بەرەی "نەخێر لە ئێستادا بۆ ریفراندۆم"ی هەرێمی کوردستانيان ڕاگەیاندبوو، سەرکەوت شەمسەدین یەکێک لەو کەسایەتیانەیە کە ئەو کات داوای لە خەڵک دەکرد دەنگ بە نەخێر لە ئێستادا بۆ ریفراندۆم بدەن، سەرکەوت شەمسەدین ئەندامی پەرلەمانی عێراقە بۆ دەنگی ئەمەریکا لەبارەی ساڵڕۆژی ریفراندۆمەوە گووتی" هانی خەڵک و لایەنە سیاسیەکانمان دەدا کە پاشکەزببنەوە لە ریفراندۆم لەبەر ئەوەبوو کە ئیمە لەسەر بنەمای زانیاری دروست و خوێندنەوەمان بۆ ڕووداوەکانی هەرێم و ناوچەکە و دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەوە شکست دەهێنێت و ترسناک دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان کە ئەو کاتە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیبوو بە ئەنجامی شەڕی داعش و ڕووداوەکانی عێراق، سەلما کە ئەو کەسانەی پێکەوە بەرەی نەخێر بووین و هانی خەڵکمان دەدا دەنگ نەدات زۆر ستراتیژیانەتر ڕووداوەکانمان بینی، ناوی ڕۆژی 25 ی مانگمان ناوە ڕۆژی پۆزش هێنانەوەی سیاسی تا خەڵک هەرێمی کوردستان بزانێت کە لەو ڕۆژەدا کۆمەڵێک سیاسی کورد بەرامبەر بە میلەتەکەی خۆیان هەڵەی گەورەیان کردووە."

چالاکوانان و هاووڵاتیان و توێژی جیاجیا لەمەڕ ساڵڕۆژی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆچوونی جیاجیایان هەیە.

ئەکرەم گولی چاڵاکوانی مەدەنی بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" پێویست بوو ئەوەیان بزانیایە کە تا چەند پشتگیری نێودەوڵەتیان لەمەڕ ئەو بریارە هەیە و بۆچوونی ئەمەریکا لەمەڕ ئەو بڕیارە چییە چونکە ئەمە زۆر گرنگ دەبوو بۆ هەرێمی کوردستان، پێویستی بەوەبوو کە پێش وەخت لە ڕووی یاسایی و ژێرخانی هەرێم و ئابوریەوە کاریان بۆ کردبا ئەمانە هەمووی نەکران، تەنانەت قبوڵیان نەکرد سەرۆکی پەرلەمان بێتە هەولێر و هەروەها هەندێک هێزی سیاسییش هەبوون پێشتر پشتگیری ریفراندۆمیان نەکرد تەنها ڕۆژی دەنگدان دەنگیان بە ریفراندۆم دا ئەمانە بوونە هۆکار کە بە سستی بەڕێوە بچێت."

سەردار ئازاد هاووڵاتیەکی هەرێمی کوردستانە بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی" ریفراندۆم ڕۆژێکی مێژوویی بوو چونکە یەکەمجاربوو رێگە بۆ خۆمان خۆش بکەین و بڕیارێک لە چارەنوسی خۆمان بدەین ئەگەر هاتوو ئەم بڕیارە نێودەوڵەتیەش نەبێت و تاک لایەنە بێت بەڵام یەکەمجاربوو بە جیهان و خەڵک و خۆمان بڵێین کە چیمان دەوێت و هەنگاوەکان بۆ چییە ئەمە شتێکی باش بوو لەگەڵ ئەوەشدا کە ریفراندۆم بیانۆیەکی بە وڵاتانی دەوروبەر و هێزە ناوخۆیی و ئیقلیمیەکانیدا کە پەلاماری کوردستان بدەن و 50%ی خاکی کوردستان لەدەست بدەین بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شتێکە بۆ مێژوو بەکاردێت."

دوای کۆتایی هاتنی دەنگدان بە ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان کە لە ڕۆژی 25ی ئەیلۆلی 2017 بەڕێوەچوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ئەنجامەکەیان ڕاگەیاند بەپێی ئەو ئەنجامە 92.7%ی بەشداربووان دەنگیان بەڵێ بوو لەو ریفراندۆمەدا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:19 0:00


XS
SM
MD
LG