Accessibility links

لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا شا سەلمانی سعودیە داوای چارەسەرێکی گشتگیر بۆ ئێران دەکات


شا سەلمان بن عەبدولعەزیزی عەرەبستانی سعودیە لە یەکەم وتاریدا لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە داوای چارەسەرێکی گشتگیری بۆ ئێران و چەککردنی حزبوڵای لوبنانی سەر بە ئێرانی کرد و پشتیوانی بۆ هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دەستپێکردنی وتووێژ لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان دەربڕی.

ئەو گوتی ئێران سەودا ناوکییەکەی ساڵی 2015 ی لەگەڵ زلهێزانی جیهاندا بەکارهێنا "بۆ پتەوکردنی چالاکییە فراوانەکانی، دروستکردنی تۆڕە تیرۆرستیەکانی خۆی، و بەکارهێنانی تیرۆرسم،" گوتیشی ئەمە جگە لە " ئاژاوە، توندڕەوی، و ئاینگەرایی هیچ شتێکی تری بەرهەم نەهێناوە."

لە وتارە ڤیدیۆییەکەیدا بۆ ئەنجومەنی گشتی 193 وڵاتانی جیهان کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێشوەخت تۆمار کرابوو، شا سەلمان گوتیشی " چارەسەرێکی گشتگیر و هەڵوێستێکی تۆکمەی نێونەتەوەیی پێویستە."

ئەمەریکا لە ساڵی 2018 لەو سەودا ناوکییەی ئێران کشایەوە و سەرۆک دانۆڵد ترامپ بە " خراپترین ڕێککەوتن" ناودێری کردووە. لەو کاتەوە واشنتن تاکلایەنانە سزاکانی سەپاندۆتەوە بەسەر ئێراندا و داوای کردووە هەمو وڵاتان ئەم کارە بکەن بۆ ئەوەی فشار ببرێت بۆ ئێران تا ڕێککەونێکی نوێ بکاتەوە.

شا سەلمان گوتی " ئەزمونمان لەگەڵ ڕژێمی ئێراندا فێری کردوین چارەسەری بەشێک و ئاشبوونەوە هەڕەشەکانی بۆسەر ئاشتی و ئارامی نێونەتەوەیی کەمنەکردەوە."

سەبارەت بە هەوڵەکانی ناوبژیکردن بۆ ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان بادشای سعودیە گوتی دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی ساڵی 2002 تەنها بنەمای چارەسەری گشتگیرە کە ئەوە مسۆگەر دەکات فەلەستینییەکان دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەدەستبهێنن کە پایتەختەکەی ڕۆژهەڵاتی ئورشەلیم بێت. ئەو گوتی " ئێمە پشتیوانی لە هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئێستای ئەمەریکا دەکەین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دانانی فەلەستینییەکان و ئیسرائیلیەکان لەسەر مێزی دانوستاندن تا بکەن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و ڕەوا."

بەڵام شای عەرەبستانی سعودیە پشتیوانی نەکرد لە ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییانەی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و بەحرەین بۆ دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا.

سعودیە بەبێدەنگی ڕەزامەندی لەسەر مامەڵەکان داوە بەڵام ئاماژەی بەوەش کردووە کە خۆی ئامادە نییە لەم کاتەدا ئەو کرادارە ئەنجام بدات.

ڕۆژی سێشەممە لە میانەی وتارەکەیدا بۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سەبارەت بە ڕێککەوتنەکانی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین گوتی " ڕێککەوتنەکانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەب خۆرێکی نوێ بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵدەهێنێت."

هەروەها گوتیشی زۆرێک لە وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش چاو لەم وڵاتانە دەکەن و چی تر لەسەر لم خوێن ناڕێژرێت.

XS
SM
MD
LG