Accessibility links

ئیخوانەکانی شانشینی ئوردون دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن


باڵە سیاسییەکەی ئیخوانولموسلمین لە شانشینی ئوردون، کە بە ئۆپزسیۆنی سەرەکی ئەو وڵاتە دادەنرێت دەڵێت بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی مانگی یازدەی پەرلەمانی ئوردوندا دەکات.

ئەم ڕاگەیاندنەی بەرەی کاری ئیسلامی دوای دوو مانگە لە بڕیاری گەورە دادگای ئوردون بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕیکخراوی ئیخوانەکان کە بە لایەنێکی دەرەوەی سنورەکانی وڵاتەکە دانراوە.

بەرەی کاری ئیسلامی، لە ئێستادا 16 کورسی پەرلەمانی هەیە، لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بە ئامانج گیراوە وڕووبەڕووی هەوڵی ڕژد دەبێتەوە بۆ بنکۆڵکردنی بەهۆی وەك دەڵێت "ئەو ڕۆڵە نیشتمانی و خێرخواییەی هەیەتی."

هەر لەو ڕاگەیاندنەدا ئیخوانەکانی ئوردون دەڵێت لەو بڕوایەدایە بەشدارینەکردنی ئەندامەکانی لە پەرلەماندا وەک کشانەوەیە لە ململانێکان و سنوردارکردنی بەرپرسیارێتیەکانیەتی.

ئیخوانولموسلمین لە ساڵی 1928 لە وڵاتی میسرا دامەزراوە و باڵی سیاسی و خێرخواهیشی لە جیهانی ئیسلامیدا هەیە.

چەندان ساڵە ئیخوانەکان لەژێر فشاردان و بە تایبەتیش لە ساڵی 2011 کە سەرهەڵدانەکانی بەهاری عەرەب دەستیان پێکرد.

لە وڵاتی میسر و لە ژمارەیەک وڵاتی تری ئیسلامیدا، ئیخوانەکان بە "لە یاسا دەرچوو یان بە تێرۆریست" ناودێر دەکرێن.

عەمان بۆ دەیان ساڵ پشوودرێژ بووە لەگەڵ باڵە سیاسییەکەی ئیخوانەکاندا بەڵام لە ساڵی 2014ەوە دەسەڵاتدارانی شانشینی ئوردون بە ڕێکخراوێکی نایاسایی دایانناوە و جەختیان لەوە دەکردەوە کە مۆڵەتی کارکردنیان نوێ نەکراوەتەوە بەپێی یاسای ساڵی 2014 .

بەڵام ئەم باڵە سیاسیەی ئیخوانەکان بەردەوام بووە لە کارکردنی خۆی، هەرچەندە پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ شانشینی ئوردوندا تێکچوو، پاش ئەوەی وڵاتەکە لە ساڵی 2015دا مۆڵەتی کارکردنی دا بە ئەنجومەنی ئیخوانولموسلمین، کە لە ئیخوانەکان جیابووبوونەوە.

ئیخوانولموسلمین لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب قەدەغە کراوە و بە گشتی لەناو خەڵکی شانشینی ئوردوندا پشتیوانییان هەیە و هەروەها هەردوو وڵاتی قەتەر و تورکیا پشتیوانی لێدەکەن.

بڕیارە ڕۆژی 10ی مانگی یازدەی ئەمساڵ هەڵبژاردن لە شانشینی ئوردون بکرێت لەگەڵ ئەوەشدا کە پەتای کۆرۆنا بڵاوبۆتەوە لەو وڵاتەدا و وەک سەرچاوە تەندروستییەکان ئاماژەی پێدەکەن تا ئێستا 30 کەس بەهۆی ئەم پەتایەوە گیانیان لەدەستداوە و 4779 کەسیش توشی پەتاکە بوون.

XS
SM
MD
LG