Accessibility links

خۆپیشاندەرانی تایلاند ناکشێنەوە


هەڵواسینی "تابلۆی گەل" کە خۆپیشاندەران لە بانکۆک و لە نزیک کۆشکی پادشایەتی دایانناوە و نوسراوە "لە دڵی گەلی تایلاندا چێنراوە" وەک چالاکوانان دەڵێن سەرەتای دەستپێکردنی خەباتیانە بۆ ڕیفۆرم کردنی سیستەمی پادشایەتی لەو وڵاتەدا.

نزیکەی 30 هەزار خۆپیشاندەر لە دوو ڕۆژی ڕابردووی پشوی هەفتەدا ڕژابوونە سەر شەقامەکانی بانکۆک و بە گەورەترین خۆپیشاندانیش دادەنرێت لەوەتای 2 مانگ لەمەوبەرەوە کە خۆپیشاندان بە پێشەنگیی خوێندکاران دەستیان پێکرد.

خۆپیشاندەران داوای دەست لە کار کێشانەوەی پرایوت چان ئوچا، سەرەک وەزیری وڵاتەکە دەکەن کە لە ساڵی 2014دا سەرکردەی لەشکری تایلاند بووە و ڕێکخەری کودەتاکەی هەمان ساڵیش بوو.

زۆرێک لە خۆپیشاندەران داواش دەکەن کۆشکی پادشایەتی وڵاتەکە خۆی لە دۆسێ سیاسییەکان بە دوور بگرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەمڕۆ دووشەممە تابلۆی گەل داگیرابوو، بەڵام خۆپیشاندەران ملیان نەداوە و درێژەیان بە شەپۆلی ناڕەزاییەکانی خۆیان داوە.

XS
SM
MD
LG