Accessibility links

موستەفا ئەدیب داوای هاوکاری لە لایەنە سیاسییەکانی لوبنان دەکات


موستەفا ئەدیب، سەرەک وەزیری ڕاسپێردراوی لوبنان داوای لە هێزە سیاسییەکانی وڵاتەکەی کردووە هەنگاوەکانیان خێراتر بکەن و یارمەتی بدەن بۆ پێکهێنانی حکومەت کە هەبوونی حکومەتێکی سەربەخۆپێویستییەکی هەنوکەییە بۆ دەربازکردنی لوبنان لەو قەیرانانەی تێی کەوتووە.

ئەدیب لەژێر فشارێکی زۆردایە تا چەندێک بکرێت بە زوویی حکومەتی نوێ پێکبهێنێت و دەستبکرێت بەو چاکسازییانەی دەبنە مایەی کردنەوەی دەروازەکان بۆ یارمەتیدانی لوبنان بە بڕی چەندان ملیار دۆلار.

بەر لە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتیش، لوبنان کەوتبووە نێو قەیرانێکی گەورە و قوڵی ئابورییەوە کە بە خراپترین قەیرانی ئابوری دادەنرێت لە دەیان ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتەدا، هاوکات بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناش هێندەی تر کێشەکانی لوبنانی قوڵتر کردونەتەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا، سەرەک وەزیری ڕاسپێردراوی لوبنان دەڵێت " هەر دواکەوتنێکی زیاتر لە پێکهێنانی حکومەتدا، دەبێتە مایەی قوڵ بوونەوە و ئاڵۆزبوونی زیاتری قەیرانەکان."

ئەم ڕاگەیەندراوەی موستەفا ئەدیب، دوابەدوای ئەو دوا وادەیەیە لە هەفتەی ڕابردوودا فەڕەنسا دیاریکردووە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی لوبنان.

ئەدیب داوای لە هێزە سیاسییەکانیش کردووە تا دەستبەجێ و بێ دواکەوتن کار بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکەی فەڕەنسا بکەن، وەک دەڵێت "تا یارمەتی لوبنان بدرێت بۆ ڕزگاربوونی لەم قەیرانە."

هەوڵەکانی ئەدیب بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان لەلایەن دوو پارتی شیعەی وڵاتەکەوە تەگەرەی گەورەی بۆ دادەنرێن، ئەمەل و حزبوڵا کە وەک بارێکی ئاسایی بەشێکن لە دابەشکردنی دەسەڵات لە لوبناندا.

XS
SM
MD
LG