Accessibility links

ئەڵمانیاییەکان داوای پشتیوانیکردنی پەنابەران و کۆچبەران دەکەن


بە هەزاران خۆپیشاندەر بەشدارییان لە خۆپیشانداندا کردووە لە بەرلین پایتەختی ئەڵمانیا و داوا لە حکومەتی وڵاتەکە دەکەن تا هەوڵی زیاتر بدات بۆ یارمەتیدانی ئەو کۆچبەرانەی لە وڵاتی یۆنانن و دۆسێکانیان هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

زۆرێک لە کۆچبەرانی گەیشتوونەتە وڵاتی یۆنان بەبێ جێ و ڕێ ماونەتەوە بەهۆی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لەناو ئۆردوگاکاندا.

خۆپیشاندەران لە شەقامەکانی بەرلینەوە بەرەو مەیدانی سەرکەوتن ڕۆیشتوون دروشمی جۆراوجۆریان هەڵگرتبوو، لەوانە "ڕووبەرێکی زۆرمان هەیە" یان "زیهۆڤەر وەک کریستیانییەک ببە" وەک ئاماژەیەک بە هۆرست زیهۆڤەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا.

زیاتر لە 12 هەزار کۆچبەر و پەنابەر لە یۆنان بێ جێ و ڕێ ماونەتەوە و حکومەتی یۆنانیش دەڵێت کۆچبەرانی ئەفغانستان بە مەبەست و بە بەرنامە ئۆردوگای "مۆریا"یان سوتاندووە و هەر بەو هۆیەشەوە هەزاران کۆچبەر بە ناچاری لەمبەر و لەوبەری شەقامەکانی دەوروبەری ئۆردوگاکەدا ڕۆژیان کردۆتەوە.

هەفتەی ڕابردوو حکومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند 1553 کۆچبەر وەردەگرێت کە دەکاتە نزیکەی 408 خێزانی منداڵیان هەیە. ئەو کۆچبەرانەش لە دوڕگە جیاوازەکانی یۆنانەوە دەبرێنە ئەڵمانیا.

خۆپیشاندەران داواشیان لە حکومەتی ئەڵمانیا کردووە تا هیچ تەگەرەیەک نەخاتە بەردەم هەوڵەکانی هەرێمەکانی ئەڵمانیا و شارەوانییەکان بۆ وەرگرتنی پەنابەران.

لەگەڵ ئەوەشدا کە دەگوترێت نزیکەی 3000 کەس خۆیان ناونوس کردبوو بۆ خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی یەکشەممەی بەرلین، بەڵام پۆلیس دەڵێت زیاتر لە 10 هەزار کەس بەشدارییان لەو خۆپیشاندانەدا کردووە.

XS
SM
MD
LG