Accessibility links

دابەزینێکی پێوانەیی نرخی دراوی ئێرانی


سەرۆکی ئێران دەڵێت ئەمریکا ڕووبەڕووی شکست دەبێتەوە لەو هەوڵەی دەیدات بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا.

ئەم لێدوانانەی حەسەن ڕۆحانی، هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکەی ئەمریکادا بەوەی تەواوی سزاکانی یو ئێن بۆسەر ئێران سەپێندراونەتەوە.

لە وتارە تەلەفزیۆنییەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا، ڕۆحانی دەڵێت "ئەمریکا بە ئاڕاستەی شکستێکی بێ چەند و چووندا دەڕوات لەو هەوڵانەی دەیدات بۆ سزاکان، پێشتریش ڕووبەڕووی شکست و هەروەها وەڵامێکی نەرێنی بووەوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە."

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ خەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە ئێران ڕەفتارەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت و هەروەها ئێرانیش بە گەورەترین وڵاتی جیهان دادەنێت بۆ پشتیوانیکردن لە تێرۆریزم.

دوابەدوای ڕاگەیاندنەکەی ئەمریکا سەبارەت بە سەپاندنەوەی سزاکانی یو ئێن بەسەر ئێراندا، نرخی ڕیالی ئێران بە شێوەیەکی پێوانەییی داڕما لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکاییدا.

کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم هەنگاوی ئەمریکای بە هێند وەرنەگرتووە و بە "نایاسایی" ناودێری دەکات.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی شەممە بە ئەنجومەنی ئاسایشی وتووە ناتوانێت هیچ بڕیارێک بدات لەسەر ڕاگەیاندنەکەی ئەمریکا چونکە وەک دەڵێت "پێدەچێت هاوڕایی و دڵنیایی لەسەر نەبێت."

فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا کە هەرسێکیان لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێراندا ماونەتەوە، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن "هەر هەنگاوێک بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی یو ئێن بەسەر ئێراندا کاریگەریی یاسایی نابێت" چونکە ئەم میکانیزمەی ئەمریکا بەپێی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015یە و ئەمریکا لە ساڵی 2018دا لێی کشاوەتەوە.

ڕەوشی ئابوری ئێران بەهۆی سزا توند و قورسەکانی ئەمریکا زۆر خراپ بووە و بەدوای ئەو سزایانەشدا بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناش زیانی قورسی لە ئابوری و دارایی کۆماری ئیسلامی ئێران داوە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زیاتر لە 24300کەس لە ئێراندا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە مردون.

لەوەتای ساڵی 2018شەوە ڕیالی ئێرانی نزیکەی لە سەدا 75ی نرخی خۆی لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG