Accessibility links

تالیبان دەخوازێت حوکمڕانی " سیستمی ئیسلامی" خاڵی سەرەکی گفتوگۆکان بێت


نوێنەرانی حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان بەردەوامن لە کۆتایی هێنانی "یاساکانی دانوستان" بۆ ڕێککەوتنێک لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات هەفتەیەک پاش ئەوەی هەردوو هێزی دوژمنی یەکتر دەستیان کرد بە وتووێژی ڕاستەوخۆی ئاشتی بە هاوکاری ئەمەریکا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوژمنایەتی مەیدانی جەنگ لەنێوان هێزەکانی ئەفغانستان و چەکدارەکانی تاڵیبان بەردەوام زیان گیانی لەلایەنی هەردوولای لێ دەکەوێتەوە و ئەمەش نەبوونی متمانەی لەسەر مێزی گفتوگۆ زیاد کردووە.

یاخیبوان داواکاری ئاگربەستیان ڕەتکردۆتەوە هەتا ئەوکاتەی دانوستان لەسەر مامەڵەیەکی سیاسی فراوانتر دەکەن سەبارەت بە ئایندەی ئەفغانستان لەو دیالۆگەی ئێستا لە قەتەرەوە بەڕێوەدەچێت .

هەردوو تیمی دانوستانکار ڕۆژانە کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە بەڵام وردەکارییەکی زۆر کەمیان لەسەر کۆبونەوەکانی نێوان ئەفغانییەکان بڵاو کردۆتەوە کە لە 12 ی ئەم مانگەوە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەستی پێکرد.

لە لێدوانێکی هەفتانەدا کە ڕۆژی شەممە بڵاوکرایەوە ، تاڵیبان جەختی لەوە کردۆتەوە هەر لە دەستپێکەوە داوای کردووە دەبێت دامەزراندنی " سیستمێکی ئیسلامی " حوکمڕانی لە ئەفغانستان " خاڵی سەرەکی گفتوگۆکان بێت ".

عەبدوڵا عەبدوڵا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئەفغانستان بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتمانی، لەگەڵ ئەندامانی شاندەکاندا دەدوێت لە کۆتایی یەكێک لە دانیشتنەکانی وتووێژی ئاشتی نێوان ئەفغانییەکان لە دۆحا، 12 ی 9 ی 2020
عەبدوڵا عەبدوڵا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئەفغانستان بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتمانی، لەگەڵ ئەندامانی شاندەکاندا دەدوێت لە کۆتایی یەكێک لە دانیشتنەکانی وتووێژی ئاشتی نێوان ئەفغانییەکان لە دۆحا، 12 ی 9 ی 2020


ئەو گروپە توندڕەوە سورەلەسەر ئەوەی " باوەڕی وایە " سیستمی ئیسلامی تەنیا ئاشتی دێنێتە ئاراوەو ئەو کێشانە چارەسەردەکات کە ڕووبەڕوی ئەفغانستان دەبێتەوە، لە ناویاندا گەنەڵی و چالاکییە تاوانکارییەکانی تر.

تاڵیبان سیستمی حوکمڕانی ئێستای ئەفغانستان کە بە نایاسایی و بەرهەمی ئەوەی کە بە داگیرکاری ئەمەریکا لە وڵاتەکە ناوی دەبات، ڕەت دەکاتەوە.

حکومەتی ئەفغانستان بە توندی بەرگری لە سیستمی سیاسی وەکو " تەواو ئیسلامی" دەکات و بەڵێنی داوە لەوباریەوە سازش نەکات لە میانەی وتووێژەکانیدا لەگەڵ یاخیبوان.

وتووێژی ئاشتی بەرهەمی ڕێککەوتنێکی ئاشتی نێوان ئەمەریکا و تالیبانە کە لە مانگی 2 مۆریان کرد بۆ کشانەوەی 8 هەزارو 600 سەربازی ئەمەریکا لە وڵاتەکە هەتا مانگی پێنجی 2021 و کۆتاییهێنان بە درێژدەمترین شەڕی ئەمەریکا.

ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ تالیبانی بە " بەهێز" و " ژیر" وەسف کرد و گوتی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەباشی مامەڵەی لەگەڵ ئەو یاخیبوانەدا کرد.

سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەنوسانی گوت " لە ماوەی چەند هەفتەی ئایندەدا ژمارەی هێزەکانمان کەمدەکەینەوە بۆ کەمتر لە 4 هەزار سەرباز لە ئەفغانستان. و پاشان ماوەیەکی دواتر بڕیاری کۆتایمان دەدەین."

ئەو گوتیشی "لەگەڵ تاڵیبان مامەڵەیەکی زۆر باش دەکەین ، ئەوان زۆر بەهێزن زۆر ژیرن، زۆر تیژن کەواتە، ئێمە هەندێک گفتوگۆی زۆر باشمان لەگەڵ تاڵیباندا هەیە هەر وەک ئەوەی کە بیستووتانە. بۆیە ئێمە لەوێ دەگەڕێینەوە، دەزانین کە هەندێک شت دەبێت ڕووبدەن، هەندێک شت دەبێت جێبەجێ بکرێن."

هاوپەیمانی جیهانی بەڕێبەرایەتی ئەمەریکا لە پاش هێرشە تیرۆستییەکانی 11 ی سپتەمبەری ساڵی 2001 کە لەلایەن ڕێبەرانی ئەلقاعیدە لە ئەفغانستانەوە نەخشەی بۆ کێشرابوو، ئەفغانستانیان داگیرکرد و دەسەڵاتی تالیبانیان ڕووخاند.

سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان
سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان

ترامپ هەوڵ دەدات لە هەڵبژاردنەکانی 3 ی مانگی 11 دووبارە سەربکەوێتەوە و کۆتایی بەوشەڕە بهێنێت کە زۆرجار بە "شەڕی بێکۆتایی" لە ئەفغانستان ناودێری کردووەو یەكێک بووە لە بەڵێنە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنی.

شەڕی ئەفغانستان بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی 2400 سەربازی ئەمەریکا و تێچوونی سەدان ملیار دۆلار.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆ لە سەرەتای ئەم هەفتەیە هۆشداری دا وتووێژەکانی نێوان ئەفغانییەکان پرۆسەیەکی " قورس' دەبێت بەڵام هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی خەرجی شەڕ بۆ ئەمەریکا.

ڕاوەرگرتنێکی گشتی ئەم دواییانە کە لەلایەن گروپی ناحکومی یۆرۆئاسیا ئەنجام دراوە ئەوە نیشان دەدات لە نێو دەنگدەرانی کۆماری و دیموکراتەکاندا پشتیوانێیەکی زۆر هەیە بۆ وتووێژی ئاشتی ئەفغانستان و کۆتایی هێنان بە شەڕی 19 ساڵەی ئەمەریکا لەوێ.

بەشێک لە ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەمەریکا و تالیبان ئەوەیە ئەو گروپە یاخیبووە ڕێگە نەدات خاکی ئەفغانستان بۆ هیچ هێرشێکی تیرۆرستی بۆ سەر وڵاتێکی بیانی بەکار بێت و وتووێژێکی ئاشتی لە نێوان لایەنە نەیارە ئەفغانییەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ ئەنجام بدرێت.

.



XS
SM
MD
LG