Accessibility links

عوسمان ئاغا: بۆ کێشەکانی کەرکوک بەرهەم ساڵەحمان بینی، دواتر کازمیش دەبینین


سەرۆکی دانایانی شاری کەرکوک کە نوێنەرایەتی بەشێک لە عەشیرەتەکانی ئەو پارێزگایە دەکات، دەڵێت سەرۆک کۆماری عێراقیان بینیووە و کێشەکانی کەرکوکیان پێگەیاندووە، جەخت لەسەرئەوەش دەکاتەوە بۆ هەمان مەبەست، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەبینن.

ڕۆژیپێنجشەمە، ژمارەیەک عەشیرەتی کورد، عەرەب و تورکمان سەردانی شاری بەغدایان کرد و لەگەڵ بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆماری عێراق دا کۆبوونەوە، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیانەوە، عوسمان ئاغای زەنگەنە سەرۆک عەشیرەتی زەنگەنە و سەرۆکی دانایانی کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"سەرۆک کۆماری عێراق بەڵێنی چارەسەرکردنی گرفتەکانی پێداین."

سەرۆک عەشیرەتی زەنگەنە، ڕوونیکردەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی رژێمی بەعس و ڕێگری کردنیان کردووە لەگەڕانەوەی عەرەبی هاوردە، چونکە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس، کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانە، دەڵێت"کەرکوک پەراوێزخراوە، داوای دامەزراندنمان کرد، داواشمان کرد هێزێک لە پێکهاتەکان بۆ کەرکوک دروست بکرێت، ئینجا سکاڵاشمان دژی پارێزگار کرد، چونکە چی خزم و کەس و کاری خۆی هەیە، هەمووی دامەزراندووە."

لە سەردانی عەشیرەتەکانی کەرکوکدا بۆ لای سەرۆک کۆماری عێراق، جگە لە چەند عەشیرەتێکی کورد، نوێنەری هەریەک لە عەشیرەتەکانی بەیات، نعێم، بەنی جەمیل، عزە لەعەرەبی سونە بەشداربوون، هەروەها نوێنەری وەنداوی، کەهیە و ساڵحیش لەنەتەوەی تورکمان نوێنەریان لەنێو وەفدەکەدا هەبووە.

عوسمان ئاغای زەنگەنە وتی" وتاری عەشیرەتەکان من خوێندمەوە، ئەو داواکاریانەی تێدابوو کە ئاماژەم پێکردن، هیچ عەشیرەتێک لاری نەبوو."

وتیشی"سکاڵاشمان لەسەر پارێزگاری کەرکوک کرد، بەوەی ئەوەی بەعس بە 35 ساڵ پێی نەکرا، ئەو بەم ماوە کردوویەتی."

دوای سەردانی عەشیرەتەکانی کەرکوک بۆ بەغدا، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئاماژەی بەوەکرد سەرۆک کۆمار داوایکردووە کێشەکانی کەرکوک بەپێی دەستور چارەسەر بکرێن، وەک لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە" دانیشتوانی کەرکوک، بەهۆی دیکتاتۆریەت و گەندەڵی و سەپاندنی ئەمری واقیع و پەراوێزخستن، زیانی زۆریان بەرکەوتووە، بۆیە سەرۆک کۆمار جەختی لە کۆتاییهێنان بەم بارە نەخوازراوە کردەوە."

لەبارەی ئەو بەڵێنانەی لە لایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە پێیاندراوە، عوسمان ئاغا وتی"بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانمان پێدرا، بڕیاریشە چوار ڕۆژی تر، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ببینین."

سەردانی نوێنەری عەشیرەتەکانی کەرکوک بۆ لای سەرۆکایەتی کۆمار، لەکاتێکدایە ناکۆکیەکان لەسەر زەوی و زار، خەریکە ناکۆکی سیاسی بەرەو ناکۆکی عەشایەری تێدەپەڕێنێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:23 0:00


XS
SM
MD
LG