Accessibility links

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڵگەی تاوانی جەنگ دەسڕنەوە


بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو گرتە ڤیدیۆ و وێنانە لەسەر تۆڕەکانیان هەڵدەگرن کە دەشێت گرنگبن بۆ پرۆسەی دادگاییکردنی تاوانی گەورە لە ناویاندا تاوانی جەنگیش.

لە لێکۆڵینەوەیەکیدا لە ژێر ناونیشانی " ڤیدیۆکە لەبەردەستدا نییە،: پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڵگەی تاوانی جەنگیان سڕیوەتەوە"، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت کۆمپانیاکانی وەکو فەیسبووک، یوتوب و تویتەر بەشێوەیەکی زۆر سیستمی زانیاری دروستکراو بەکاردەهێنن بۆ سڕینەوەی ئەو بابەتانەی کە بە هێرش یان نایاسایی دادەنرێن. لێکۆڵەرەوان ترسی ئەوەیان هەیە ئەم بەڵگانە ون بن یان لەناوببرێن.

ڕاپۆرتەکە باس لەو ڤیدیۆیانە دەکات کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەی بێلینگکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کۆکرایەوە تیایدا موشەکهاوێژی 'بوک' ی ڕوسیایی نیشان دەدات، کە داواکارانی گشتی دەڵێن بۆ هەڵدانی ئەو موشەکە بەکارهاتووە کە فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی مالیزی، گەشتی MH17ی لە ساڵی 2014 خستەخوارەوە.

پاشان ئەو بەڵگەیە لەلایەن تیمێکی لێکۆڵینەوەی جیهانی بە ڕێبەرایەتی هۆڵەندییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە بەکار هات، کە 298 کەسی تیادا کوژرا. ڕوسیا نکوڵی لەوە دەکات دەستی تیادا هەبوبێت.

بێلکس وێڵ لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و هاونوسەری ڕاپۆرتەکە دەڵێت " ئەوەی ئێمە لەسەر ئەوەی ئێمە لە بێلینگکاتەوە دەیزانین ئەوەیە کە لە قۆناغەکانی دواتری لێکۆڵینەوەکەدا گەڕانەوە بۆ ئەوەی سەیری سەرچاوەکان بکەن، هەندێک لەو پۆستانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە پێشتر بۆ بەهێزکردنی لێکۆڵینەوەکە بەکارهاتبوون تا بیخەنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری هۆڵەندا. و لەوکاتەدا بابەتەکان لادرابوون."

وێڵ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بەڵگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە زۆربەی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوەکەدا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە.

لەمیانەی وتووێژەکەی ڕۆژی چوارشەممەی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وێڵ گوتی "ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا و بەتایبەت لە ساڵی 2017ەوە تێبینیمان کردووە، ئەوەیە کە گرتەیەکی ڤیدیۆییی، با بڵێین سەربازەکان کەسێک لە سێدارە دەدەن، یان ڤیدیۆیەکی پڕوپاگەندەی داعش (دەوڵەتی ئیسلامی) ئەگەر پازدە خولەک یان کاتژمێرێک دواتر بگەڕێیتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەیری ڤیدیۆیەک بکەیت، لەناکاو نەماوە."

حکومەتەکان فشارێکی زیاتر لەسەر کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت دروست دەکەن بۆ لابردنی بابەتە مەترسیدارو نایاساییەکان. هێرشبردن، دەزگاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڵێنیان داوە کە کاری زیاتر بکەن بۆ بلۆککردنی بابەتە توندڕەوەکان پاش ئەوەی لە ساڵی 2019 لە دەمی هێرشێکی تیرۆرستی بۆ سەر دوو مزگەوتی شاری کرایسچەرچی نیوزیلاند، هێرشەکە ڕاستەوخۆ لە تۆڕی فەیسبووکەوە پەخشکرا. لەو هێرشەدا 51 کەس کوژران.

کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤیان گوتووە ئەوان بە پێی یاسا دەبێت ئەو جۆرە بابەتانە لابدەن کە ڕەنگە ببێتە هۆی کاری تیرۆر، توندوتیژی یان ڕق و کینە.

دادگای تاوانی نێونەتەوەیی یەکەم هۆشداری دەستگیرکردنی کە زۆربەی لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانە بوو لە ساڵی 2017 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆکراونەتەوە، بۆ سەرکردەیەکی لەسکری لیبیایی مەحمود ئەلورفالی دەرکردووە. ئەو تاوانبارکراوە بە تەقەکردن و کوشتنی چەند دیلێک لە بنغازی. هەتا ئێستا دەستگیرنەکراوەو خۆی شاردۆتەوە.

هاوکات گروپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەکو " ئەرشیڤی سوریا" ڤیدیۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن بۆ بەبەڵگەکردنی ئەو تاوانانەی دەشێت بچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە لەوانەدا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی. هەروەها گروپەکە سکاڵایان کردووە لەوەی بەڵگە زیندووەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا سڕاونەتەوە پێش ئەوەی بتوانرێت تۆمار بکرێن و شیبکرێنەوە.

بێلکس وێڵ لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت دەشێ چارەسەرێک هەبێت. " ئەوەی ئێمە داوا دەکەین دروستکردنی جۆرە میکانیزمێکی جیهانییە، جۆرێک لە ئەرشیف یان کتێبخانە تا ئەو ناوەڕۆکەی لە کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لابدرێت بگوازرێتەوە بۆی. دواتر ئەرکی ئەو دەزگایەبێت کە ناوەڕۆکەکە پۆلێن بکات و هەڵیان بگرێت و پاشان سیستەمێک دانێت کە ئەو کەسانەی هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن بتوانن لێوەی وەریگرن، نەک بۆ ئەوانەی کە دووبارە لە سەر هێڵ پۆستی بکەنەوە بەڵکو لە ڕاستیدا بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە بەکاریبهێنن."

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە وتووێژدایە لەگەڵ کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە دروستکردنی ئەو جۆرە ئەرشیفە. تویتەر بە ڕێکخراوەکەی گوتووە ناتوانێت هیچ زانیارییەک یان بابەتێک بدات بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەتا بەڵگەی دادگایان پێ نەبێت گوتوشیەتی پشتیوانی لە هەوڵەکانی دژە تیرۆری کۆڕبەندی ئینتەرنێتی جیهانی دەکات لەسەر چوارچێوە یاساییەکان بۆ ڕەچاوکرنی ڕێگەدان بە دەستگەیشتنی زیاتر بۆ ناوەڕۆک بۆ بەکارهێنانی گونجاو. تویتەر ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر بە دەنگی ئەمەریکا بدات.

فەیسبوک و یوتوب نە وەڵامی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ و نە داواکاری دەنگی ئەمەریکاشیان داوەتەوە بۆ زانیاری زیاتر.

XS
SM
MD
LG