Accessibility links

دوو جوتیار لە شرنەخ دەستگیردەکرێن و لە نەخۆشخانەی شاری وان بە برینداری دەدۆزرێنەوە


نەخۆشحانەی وان
نەخۆشحانەی وان

دوو جوتیار بە ناوەکانی سەروەت تورگوت و عوسمان شیبان، کەسوکاریان دەڵێن لەلایەن لەشکری تورکیاوە دەستگیرکراون لە شارۆچکەی بێیتوشەباب (بێشەبابا) لە شرنەخ و پاش سێ ڕۆژ لە دەستگیرکردنەکەیان لە نەخۆشخانەی هەرێمیی وان دۆزراونەتەوە.

حەمید شیبان برای عوسمان شیبان دەڵێت لە 11 ی مانگی نۆ، سەرباز بە هەلیکۆپتەر هاتونەتە گوندی سیرکا و براکەی و سەروەت تورگوتیان دەستگیرکردووە

حەمید شیبان برای عوسمان شیبان
حەمید شیبان برای عوسمان شیبان

شیبان دەشڵێت کاتێک لەشکری تورکیا لەبەر چاوی ئەوان تورگوت و شیبانیان دەستگیرکرد هەردووکیان تەندروست بوون، بەڵام پاش سێ ڕۆژ زانیویانە لە نەخۆشخانەی هەرێمیی واندان و باری تەندروستیان زۆر خراپە و لە بەشی چاودێری ورد چارەسەریان بۆ دەکرێت.

بە وتەی پزیشکان، سەربازانی شاری وان عوسمان شیبانیان بە برینداری گەیاندۆتە نەخۆشخانەکە. هەر بە وتەی ئەوان دۆخی سەروەت تورگوت خراپترە و لە شوێنێکی بەرزەوە کەوتووەتە خوارێ و بە سەختی بریندار بووە

نایف تورگوت برای سەروەت تورگوت
نایف تورگوت برای سەروەت تورگوت

برای تورگوت، نایف تورگوت گوتی براکەی و شیبان لە گوندەکەیان جوتیارییان دەکرد و ئەوان بەبێ تاوان دەستگیرکراون. باسی لەوە کرد کە هێشتا براکەی نەدیوە و گوتی " پـۆلیس لەوێیە ڕێگەمان پێ نادەن، ... ئەمە شتێکی یاسایی نییە ئەم زوڵمەی لێمان دەکرێت. ئەوان خەریکی کاری خۆیان بوون لە گوندی خۆیان بۆ هیچ شوێنێکی تر نەچوون. خەڵکی هەژارن ناچارن بچنە گوندەکانیان کاری خۆیان بکەن."

پارێزەر باران بیلیجی ڕایگەیاند ئەم ڕووداوە مەترسیدارە و گوتیشی بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی دەستگیرکردنی ئەو جوتیارانە سەردانی داواکاری گشتی لە وان کردووە.

ئەو دەڵێت " بە پێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانمان هیچ فەرمانێک و بڕیارێکی فەرمی دەستگیرکردنی تورگوت و شیبان لەبەردەستدا نییە. ئێمە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکە سەردانی داواکاری گشتیمان کردووە و هەروەها سکاڵامان لەسەر ئەو کەسانە تۆمار کردووە کە ئەو جوتیارانەیان بریندارکردووە."

دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا لە ڕێی تەلەفۆنەوە لێدوانی ئۆفیسی پارێزگاری وان لەسەر ڕووداوەکە وەربگرێت، بەڵام کاربەدەستان ڕایانگەیاند هیچ زانیارییەکیان لەو بارەیەوە نییە. پاشان لەبەر ئەوەی ئەوان لە شرنەخ دەستگیرکراون، دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا لێدوانی پارێزگاری شرنەخ وەربگرێت، ئەوانیش گوتیان شتێکی دروست نییە ئەو زانیاریانەمان پێ بدەن و گوتیان ئەگەر پـێوسیت بکات ئەوا لەسەر ماڵپەڕی پارێزگای شرنەخ لێدوانێک لەم بارەیەوە بڵاو دەکەنەوە.

دەقی ڕاپۆرتی پەیامنێرمان عارف ئەسڵان لە وان

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:30 0:00


XS
SM
MD
LG