Accessibility links

یۆنان نکوڵی لەوە دەکات ڕێکخستنەوەی هێزی لەشکری 10 ملیار یۆرۆی تێبچێت


وەزیری بەرگری یۆنان ڕۆژی چوارشەممە ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن وڵاتەکەی 10 ملیار یۆرۆ بۆ چاککرنی چەک تەرخان دەکات.

لە کاتێکدا ئاڵۆزییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان و کاریگەری هێزی دەریاییان لە دەریای ناوەڕست زیادی کردووە، پلانی لەشکری یۆنان کە پێدەچێت یەکێک بێت لە پلانە سەرەکییەکانی ڕێکخستنەوەی لەشکری بۆ ماوەی نزیکەی 20 ساڵ ئاشکرا دەبێت.

نیکۆس پاناگیاتاپولیس لە کۆنفراسی ئابوری ئەسینا لەسەر خەرچی کڕینی چەک گوتی " ئەمە خەرجکردنی 10 ملیار یۆرۆ نییە، با زۆر ڕوون بم، ئەمە زنجیرەیەکی زۆر گشتگیرە، هەنگاوێکی ژیرانەیە بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییەکانمان."

ئەو گوتیشی " ئێمە زۆر بە وریاییەوە شتەکان هەڵدەبژێرین، بێ سنوورانە کارەکان ناکەین و ئەمە بە تێپەڕبوونی کات ئەنجام دەدرێت."

کیریاکۆس میتسوتەکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنان ڕۆژی شەممە بەرنامەیەکی مەزنی چەکی ڕاگەیاند کە بریتییە لە فڕۆکەی جەنگی، کەشتی جەنگی، هەلیکۆپتەر و دامەزراندنی 15 هەزار سەرباز بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو.

میتسوتەکیس گوتیشی یۆنان هەوڵ دەدات 18 فڕۆکەی جەنگی فەرەنسی، چوار کەشتی و چوار هەلی کۆپتەری هێزی دەریایی بەدەست بهێنێت.

گوتیشی چەکی نوێی دژە تانک، تۆرپیدی دەریایی و موشەکی هێزی ئاسمانی مسۆگەر دەبن.

ئەو گوتیشی ئەم دەستپێشخەرییە بریتییە لە نۆژەنکردنەوی چوار کەشتی جەنگیش کە دەشێت ببێتە مایەی ڕەخساندنی هەزاران دەرفەتی کار.

پاشان سەرۆک وەزیری وڵاتەکە ڕوونی کردەوە کە 12 فڕۆکەی جەنگی ئەوانە دەبن کە پێشتر بەکارهاتوون و نرخکەی بەشێک نابێت لە بەرنامەکە.

یەکەم وەجبەی فڕۆکە جەنگییەکان بڕیارە لە ساڵی 2021 بگات.

ئەو گرژییەی لە نێوان هەردوو هاوپەیمانی ناتۆ یۆنان و تورکیادا هەیە لە وڵاتانی تری ئەوروپاشدا ڕەنگی داوەتەوە، نیگەرانییەکان لەمەڕ پەرەسەندندنی ئاڵۆزییەکان زیادیان کردووە.

بەپێچەوانەی وڵاتانی تری یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ، فەرنسا زۆر بە توندی پشتیوانی لە یۆنان و قوبرس دەکات لە کێشەکانیاندا لەگەڵ تورکیا.





XS
SM
MD
LG