Accessibility links

کۆبوونەوەی پوتن و لوکاشینکۆ لە کرملن


کرملن دەڵێت سەرۆکی بێلاڕوس هاوکاتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیادا پشتڕاستی کردۆتەوە بەرنامەی هەیە بۆ گۆڕینی دەستوری وڵاتەکە.

ئەلیکساندەر لوکاشینکۆ 26 ساڵە سەرۆکی وڵاتی بێلاڕوسە، لە چەند ساڵێک لەمەوبەرەوە باسی لە گۆڕینی دەستوری وڵاتەکەی کردووە.

لەوەتای شەپۆلی ناڕەزایی دەستی پێکردووە پاش سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوە مشتومڕ لەسەرەکەی لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 9ی مانگی هەشتدا، لوکاشینکۆ، پرسی گۆڕانکاری لە دەستوردا وەک ڕێگەیەک بەکارهێناوە بۆ وەڵامدانەوەی خواستی گشتی بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی ڕای گشتی داوای دەکات لە بێلاڕوس.

لوکاشینکۆ پێشنیازی ئەوەشی کردووە بەر لە وادەی خۆی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکرێت لە وڵاتەکەدا.

دمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرملن، پاش کۆبوونەوە لوتکەییەکەی نێوان لوکاشینکۆ و پوتن، وتوویەتی "سەرۆکی بێلاڕوس خواستی خۆی پشتڕاست کردۆتەوە بۆ گۆڕانکاری لە دەستوری وڵاتەکەیدا. لە ئێستاشدا ناتوانم زانیاری و وردەکاری زیاتر بدەم."

دوابەدوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەی کرملن، هیچ ڕاگەیاندنێکی هاوبەش بڵاونەکرایەوە، تەنها ئەوەندە نەبێت پیسکۆڤ، لە ڕێی تەلەفونەوە باسی لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ڕوسیا و سەرۆکی بێلاڕوس کرد بۆ پەیامنێران.

پیسکۆڤ دەڵێت "کۆبوونەوەکە 4 کاتژمێری خایاند و کۆبوونەوەیەکی بە بەر و درێژخایەن و بابەتیانەش بوو."

سەبارەت بە هەڵوێستی ڕوسیا لەسەر ڕووداوەکانی بێلاڕوس، وتەبێژی کرملین دەڵێت "هەرچییەک لەو وڵاتەدا ڕوودەدات نابێت لە ڕێگەی نادەستورییەوە بێت، بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا بێت."

لوکاشینکۆ، پێشتر دەستوری بێلاڕوسی گۆڕی تا دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی خۆی زیاتر بکات.

ئۆپزسیۆن دەخوازێت دەستور بگەڕێندرێتەوە سەر شێوازەکەی خۆی، بەڵام لوکاشینکۆ دەڵێت ئەوە گەڕانەوەیە بۆ دواوە.

مۆسکۆ دانی بە لوکاشینکۆدا ناوە وەک سەرۆکی بێلاڕوس پاش ئەوەی سەرکەوتنی خۆی ڕاگەیاند لە هەڵبژاردنە مشتومڕ لەسەرەکەدا، لە کاتێکدا سڤێتلانا تیخانۆڤسکیا دەڵێت سەرکەوتووی ڕاستەقینەیە لە هەڵبژاردنەکاندا.

XS
SM
MD
LG