Accessibility links

تاران ناڕەزایی توند بەرامبەر ئەڵمانیا دەردەبڕیت


وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران باڵیۆزی ئەڵمانیا بانگ دەکات لەسەر ژمارەیەک پۆستکردن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر کە ئیدانەی لە سێدارەدانی زۆرانبازێکی ئێرانی کراوە.

ئەو زۆرانبازە ئێرانیە بە تاوانی کوشتنی کەسێک هاوکاتی شەپۆلی ناڕەزاییەکانی دژە حکومەت لە ساڵی 2018دا گوناهبارکرابوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران زۆر بە توندی ناڕەزایی دەربڕیوە دژ بەو نوسینە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا و بە باڵیۆز هانس ئودۆ موزیڵ ڕادەگەیەنێت کە ئێران ئەو جۆرە نوسینە بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتەکەدا دەبینێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا داوا لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا کراوە کە پێویستە سنوری ئەرکی دیپلۆماسی خۆی بزانێت و نەچێتە ئەودیوو ئەو سنورانەوە.

لەو ڕاگەیاندنەدا هاتووە "دەستێوەردان بەپێی یاسا و ڕێسای دادوەری و بەپێی ڕێوشوێنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوەیەک جێی قایل بوون نییە."

نەڤید ئەفکاری، تەمەن 27 ساڵ، لە شاری شیراز ڕۆژی شەممە لە سێدارە درا.

بەپێی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئەفکاری بە گوناهبار دانراوە بە تاوانی کوشتنی بە مەبەست، وەک دەڵێت، ڕۆژی 2ی مانگی 8ی ساڵی 2018 بە چەقۆ لە فەرمانبەرێکی دامەزراوی ئاوی داوە.

لەو ڕۆژەدا، شیراز و ژمارەیەک شار و شارۆچکەی تریش لە ئێراندا، مەیدانی شەپۆلی ناڕەزایی و خۆپیشاندان بوون دژی حکومەت بەهۆی ڕەوشی خراپی ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە.

باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە تاران، ڕۆژی یەکشەممە ئیدانەی لە سێدارەدانی ئەفکاری کردوە و لە پەیامێکدا بە زمانی فارسی لە ئەژماری فەرمی تویتەری باڵیۆزخانەکەدا بڵاوکرایەوە.

لەو پەیامەدا نوسراوە " زۆر ئەبڵەق بووین بە لە سێدارەدانی نەڤید ئەفکاری. ئەوە جێی قایل بوون نییە مافی بنچینەیی فەرامۆش بکرێت لە پێناو قڕوقەپ پێکردنی دەنگە ئۆپزسیۆنەکان."

باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە تاران دەڵێت هێشتا دوو برای ئەفکاری لە زیندانن و "پێویستیان بە هاوسۆزی ئێمە هەیە."


XS
SM
MD
LG