Accessibility links

پەیماننامەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو


بەنجامین نەتانیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل و گەورە دیپلۆماتانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و هەروەها بەحرەین، وەها بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە واشنتۆن ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان مۆر بکەن، بەبێ هەبوونی هیچ بەرەو پێشچوونێک لە دۆسێی ئاشتی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکاندا.

بەحرەین و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب هەرگیز نەکەوتوونەتە شەڕەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا، بە پێچەوانەی وڵاتی میسر و شانشینی ئوردونەوە، کە هەردوو وڵات لە ساڵی 1979 و 1994دا پەیماننامەی ئاشتییان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا مۆر کرد.

سەرۆکێکی پێشووی دەزگای مۆساد بە پەیامنێرانی وتووە، ئەو مەڕاسیمانەی سبەی سێشەممە "ڕێککەوتنی ئاشتی نییە، بەڵکو ڕێککەوتنە لەسەر بەرژەوەندییەکان."

مۆرکردنی ئەم ڕێککەوتنانەی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو لە واشنتۆن کاردانەوەی فەلەستینیەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە.

هەردوو دەسەڵاتی باڵا لە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززەی فەلەستینیەکان ئەم ڕێککەوتنانەی ئەمریکا ناوبژی تیادا کردوون بە "لێدانی خەنجەرێک لە پشتی گەلی فەلەستین" ناودێر دەکەن.

موحەمەد ئشتییە، لە کۆبوونەوەی کابینەی دەسەڵاتی فەلەستینیەکاندا وتوویەتی "ڕۆژی سێشەممە، ڕۆژێکی ڕەش لە مێژووی جیهانی عەرەبیدا دەبینین، ڕۆژێکە بۆ شکستی کۆمکاری عەرەب کە دابەشبووە نەک یەکگرتوو."

سەرەک وەزیری دەسەڵاتی فەلەستینیەکان دەڵێت ڕۆژی سێشەممە ڕۆژێکی ترە زێد دەکرێتە سەر کارەساتی فەلەستینییەکان و دەشڵێت پێویستە دەسەڵاتی فەلەستینییەکان پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ کۆمکاری عەرەبدا ڕێکبخاتەوە و چونکە لە مانگی ڕابردووەوە ئیدانەکردنی ئەو ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیانە لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕەت دەکاتەوە.

فەلەستینییەکان داوایان کردووە، ڕۆژی سێشەممەخۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین بکرێت هاوکاتی مەڕاسیمی مۆرکردنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا لە واشنتۆن و داواشیان لە وڵاتانی عەرەب کردووە بەشداری لەو مەڕاسیمەدا نەکەن.

XS
SM
MD
LG