Accessibility links

ئەڵمانیا پەنابەری زیاتر وەردەگرێت لە ئۆردوگای مۆریا


.

حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت لە وتووێژدایە سەبارەت بە گواستنەوەی ئەو خێزانانەی منداڵیان هەیە و بێ جێ و ڕێ ماونەتەوە بەهۆی ئەو ئاگرەی بووە مایەی وێرانکردنی ئۆردوگای مۆریا بۆ پەنابەرانلە دوڕگەی لیسبۆس لە وڵاتی یۆنان.

ئەڵمانیا پێشتر پلانێکی ئەوروپاییەکانی مۆرکردووە بۆ وەرگرتنی ژمارەیەک لەوانەی تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵیەوەن و کەسی گەورەیان لەگەڵدا نەبووە و لەو ئۆردوگایەدا دەژیان و پەیمانی وەرگرتنی نزیکەی 150 کەسی دابوو لەسەرجەم ئەو 400 کەسەی لە ژێر تەمەنی 18 ساڵییەوە بوون.

وتەبێژی ئانگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە بەرلین بە پەیامنێرانی وتووە یارمەتیدانی ئەوانەی لەژێر تەمەنی 18 ساڵیەوەن "هەنگاوی یەکەمە" بەڵام دەشڵێت هێشتاش کاری زیاتر ماوە و پێویستە بکرێن بۆ کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی نزیکەی 12 هەزار کۆچبەر کە لە ڕەوشێکی ناهەمواردان لەوەتای ئاگرکەوتنەوەکەی هەفتەی ڕابردووەوە و دەشڵێت "وتوێژەکان لە ناو حکومەتی فێدراڵیدا دەستیان پێکردووە سەبارەت بەوەی ئایا ئەڵمانیا دەتوانێت چیی تر بکات وەک یارمەتی و وڵاتەکەشمان دەتوانێت چ جۆرە بەشدارییەکی ڕاستەقینەی هەبێت لەم دۆسێیەدا."

وتەبێژی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت "هەنگاوی دووهەم" سەنگی دەخاتە سەر ئەو خێزانانەی منداڵیان هەیە لە ئۆردوگاکەدا، بەڵام خۆی لادا لەوەی بڵێت ژمارەی ئەو خێزانانە چەند دەبن کە دەشێت حکومەت پەسەندیان بکات.

پێشتریش وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هەمان جۆر ئاماژەی کردبوو.

میدیای ئەڵمانیا لەوانە بێڵد دەیلی، ئاماژەیان بە سەرچاوەکانیان کردووە لەناو حکومەتدا و دەڵێن مێرکڵ دەخوازێت پێشوازی لە سەدان منداڵ و خێزانەکانیشیان بکات و لەوانەشە وەک میدیای ئەڵمانیا دەڵێت بە هەزاران منداڵ و خێزانەکانیان بن.

XS
SM
MD
LG