Accessibility links

تورکیا کەشتییەکەی دەکشێنێتەوە و ئاگاهیش دەدات


تورکیا دەڵێت گەڕانەوەی کەشتییە تایبەتەکەی بۆ گەڕان بە شوێن سەرچاوەکانی سوتەمەنیدا لەو سنورە ئاویانەی یۆنان بە سنوری خۆی دەزانێت، کشانەوەیەکی ئاساییە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی تەکنیکییە بە کەشتییەکەدا و بەم زووانەش دەگەڕێتەوە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی.

ناردنی ئەو کەشتییە بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بووە هۆکاری نائارامی لەو ناوچەیەدا، بەتایبەتیش کاتێک ئانکەرە ژمارەیەک کەشتی هێزی دەریایی خۆیی ناردە ئەو سنورە ئاویانەی مشتومڕیان لەسەرە.

لە بەرامبەریشدا یۆنان دەستیکرد بە مانۆڕێکی هاوبەشی سەربازی لەگەڵ فەڕەنسا و ژمارەیەک هاوپەیمانی تریدا لە یەکێتی ئەوروپا.

بەرزبوونەوەی ئاستی پشێویەکان وەهای کرد ئەڵمانیا ببێتە ناوبژیکارێک بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەک بۆ ئەم کێشەیە و هەروەها هاوپەیمانێتی ناتۆش ژمارەیەک دانیشتنی ڕاوێژکارییانەی کرد بە مەبەستی دوورخستنەوەی هەردوو وڵاتی ئەندامی ناتۆ لەوەی بکەونە شەڕەوە.

ئانکەرە ڕۆژی یەکشەممە، ڕایگەیاند کەشتییەکەی گەڕاوەتەوە کەنارەکانی تورکیا.

سەرەک وەزیری یۆنان پێشوازی لەو هەواڵە کرد و بە "هەنگاوێکی ئەرێنی" ناودێری کردووە.

بەڵام مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت یۆنان هەڵە دەکات ئەگەر کشانەوەی کەشتییەکە وەها لێکبداتەوە کە پاشەکشەی تورکیایە.

چاوشئۆغڵو دەڵێت "یۆنان دەتوانێت وەها بیری لێبکاتەوە کە پاشەکشەی تورکیایە چونکە ئەو وڵاتە بچوکە هەست بە پارێزراوی ئاسایشی ناکات."

لە ڕاگەیەندراوێکی تریشدا، وەزارەتی وزەی تورکیا دەڵێت "پاش هەڵسەنگاندن و دابین کردنی پێداویستییەکان، کەشتییەکە دەستدەکاتەوە بە گەڕانەکانی خۆی."

ئانکەرە ترساوە لەوەی یۆنان دوڕگەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتەوە بەکاربهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو سنورە ئاویانەی لە نزیک کەنارەکانی تورکیاوەن.

یەکێتی ئەوروپا، بە تەواوەتی پشتیوانی لە ئەسینا کردووە و هەروەها ئاماژەشی بە سەپاندنی سزا کردووە بەسەر تورکیادا لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ڕۆژانی 24 و 25ی ئەم مانگی نۆیەدا.

تورکیا وەها چاوەڕوان ناکات ڕووبەڕووی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا ببێتەوە بەهۆی کێشەکانیەوە لەگەڵ یۆناندا.

لە لێدوانەکەی ڕۆژی دووشەممەیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا، جارێکی تریش داواکانی وڵاتەکەی دووبارەکردەوە بۆ وتووێژی دوو لایەنەی نێوان هەردوو وڵات بەبێ مەرجی پێشوەخت.

XS
SM
MD
LG