Accessibility links

ئاگربەست کێشەی حکومەت و تاڵیبانی ئەفغانستانە لە دۆحە


حکومەتی ئەفغانستان فشارەکانی خۆی زیاتر کردوون بە مەبەستی هێنانە ئارای ئاگربەست لەگەڵ تاڵیبانەکاندا و لە قەتەرەوە داواکانی خۆی دووبارە کردوونەتەوە بۆ ئاگربەستێکی درێژخایەن.

حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان، لە قۆناغی بەرایی دانوستاندنەکانیاندان لە دۆحە، پایتەختی قەتەر وەک هەوڵێک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە 19 ساڵی خوێنڕشتن لە ئەفغانستاندا.

تاڵیبان کە شەڕی پارتیزانی دەکرد لە دوای هێرشەکانی ساڵی 2001ی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا، لەسەر مێزی دانوستاندن هیچ باسێکیان لەسەر ئاگربەست نەکردووە.

سدیق سدیقی، وتەبێژی سەرۆکی ئەفغانستان، ڕۆژی دووشەممە، سەبارەت بە ئامادەبوونی حکومەت لەم وتووێژانەدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە "بە ئامانجی گەیشتنە بە ئاگربەست و کۆتاییهێنانە بە توندوتیژیییەکان و هەروەهاش دڵنیابوونە لە ئاشتی و سەقامگیرییەکی درێژخایەن بۆ وڵاتەکە."

پێشتر عەبدوڵا عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمیتەی ئاشتی لە ئەفغانستان ئاماژەی بەوەکردبوو، تاڵیبان دەتوانێت پڕۆژەی ئاگربەست بخاتە بەردەست لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەکی زیاتری ئەو چەکدارانەی لای حکومەت گیراون.

نوێنەرانی بەشدار لەم وتووێژانەدا، پێشتر ئاگاهییان دابوو سەبارەت بەوەی دانوستاندنەکان هاوکاتی بەردەوامی شەڕەکانە لە ئەفغانستان و دەشڵێن وتووێژەکان پڕوکێن و قورس دەبن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە لە دۆحە باسی لەوە کردووە "بەبێ هیچ گومانێک ڕووبەڕووی زۆر سەختی دەبینەوە لە وتووێژەکانی ڕۆژان و مانگەکانی داهاتوودا."

مایک پەمپێیۆ، داوای لە هەردوو لایەنی بەشەڕچوو کردووە تا دەرفەتەکان بقۆزنەوە بۆ پاراستن و دڵنیابوون لە ئاشتی لە ئەفغانستاندا.

XS
SM
MD
LG