Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ڕەزا حەمە / بەشی دووهەم


لە بەشی یەکەمی وتووێژماندا، ڕەزا حەمەی شاعیر وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری داینەوە، لەوانە شیعری "ئێمە گیانێکین لە دوو جەستەدا" چۆن نوسیویەتی و بۆ ئەو شیعرەی نوسیوە و هەروەها باسی لەوەش کرد کە چۆن هونەرمەندی ڕەوانشاد ئیبراهیم خەیات ئەم شیعرە دەکاتە گۆرانی و دواتر هونەرمەندی ڕەوانشاد کەریم کابان چی بە ڕەزا حەمەی شاعیر دەڵێت.

لە بەشی دووهەمدا بە پێویستم زانی لە دۆسێی غەریبییەوە لەگەڵ ئەم شاعیرەماندا دەستپێبکەم. غەریبی چییە و بۆچی هەندێک جار تۆ لە زێدی خۆتیت لەناو هاوڕێ و دۆست و کەسوکاریشدا کەچی هەست بە نامۆییەکی زۆر دەکەیت.

غەریبی لای ڕەزا حەمە، خۆشەویست نییە و ناچارییە.


گه‌رغه‌ریبی چاوم بوایه‌ له‌مێژبوو ده‌رمهێنابوو
هیوای ئاینده‌م نه‌بایه‌ ئێستا ئێسكیشم نه‌ما بوو
غه‌ریبی ژانه‌، خورپه‌یه‌، سووتانێكه‌ بێ كڵپه‌یه‌
خه‌زانی توشیوو نه‌هاته‌، وشكه‌ گریان مه‌رگه‌ساته‌
گێژاوی گۆمێكی مه‌نگه‌، تونێلی تاریكی و مه‌رگه‌
زامێكه‌ تابڵێی به‌سوێ، هاوارێكه‌ ناگه‌ته‌ جێ

ئەم دێڕە شیعرانەی ڕەزا حەمە، وردکردنەوەیەکی پڕ لە جوانکاریی ماناکانی ژیانە لە غەریبیدا و بۆ تێگەیشتنە لەو نامۆییەی خودی خۆی درکی پێکردووە و ناخی دەهەژێنێت و بەردەوامیش وەهای لێدەکات بەدوای نهێنییەکانی غەریبیدا بگەڕێت و لە شیعردا بیاننوسێتەوە و لیکدانەوەکان بۆ ژیان لە غەریبیدا بخاتە ژێر پرسیارەوە و لە ڕێی شیعرەوە ناسنامەیەکی تایبەت بە خودی خۆی بدات بە غەریبیی.

لای ڕەزا حەمە، هەرچەندێک باس لە غەریبییەکانی خۆی بکات، چەندێک تیایدا قاڵ ببێتەوە، هێشتاش نایگەیەنێتە ئەوەی بڵێت بە دڵی خۆی تیایدا قاڵ بۆتەوە " هاوارێکە ناگاتە جێ" بەو مانایەی دوورکەوتنەوەی لە نیشتمان، هەر تەنها بەرەو بڕیاری گەڕانەوەی دەبات بۆ نیشتمان.


بەکر حەسەن، نوسەر و چیرۆکنوس لەسەر ئەم شاعیرەمان، تایبەت بۆ ئەم بەرنامەیە دەنوسێت "ڕەزا حەمە دەنگی غەمگینی شیعر نیە بەڵکو دەنگی ویژدانی شیعرە، چونکە دەنگی غەمگینی شیعر لە دەرەوەیە، بۆ نمونە خەڵکانێک هەیە غەمگینین لە بەر ئەوەی ناتوانن ببن بە ملیۆنێر، غەمگینەکان لە ناو واقیعدان کە دەبن بە کۆیلەی مادەکانی ناو واقیع، ڕەزا حەمە ڕاست دەکات جوان و باش بۆی چوە کە دەڵێت شیعر نانوسرێت، چونکە شیعر ڕووداو نیە بەڵکو دەنگدانەوەی ڕووداوەکانە لە ناو ویژدندا.. شیعر هەستە و یەکترخواردنەوەی هەستەکانە ، شیعر دەنگی ڕۆحە.. دەنگی ڕۆح بە دەنگی ئاو دەچێت و نانوسرێتەوە..دەنگی ڕۆح بە دەنگی باران دەچێت نانوسرێتەوە دەنگی ڕۆح بە دەنگی ئازاری ناو برین دەچێت و نانوسرێتەوە بەڵکو لە ناو هەستدا دەنگدەداتەوە، شیعر زمانە، زمان خالقە، شیعر خالقە ، هەموو ئەوانەی نابن بە شاعیر هەر پەلە قاژێی بە شاعیر بوون دەکەن ، ئەوانەن کە لە دەرەوە شت دەنووسنەوە.. باشتر بڵێم ناتوانن بگەڕێنەوە ناو خۆیان، دوایش قودرەتی گەڕانەوەیان بۆ ناوەوەی خۆیان نیە تا لەوێوە لە ویژدانە زمانیەکەی خۆیانەوە دەرەوە بخۆێننەوە، شاعیر خالقە، مەخلوقەکانی شیعر جیاوازن و لەوانەی واقیع ناچن، ئەوان مەخلوقی هەستین هەر ئەوەش هۆکارە کە ژمارەیەکی زۆر بنووسی شیعرمان هەیە ، بەڵام چەند کەسێکی کەم شاعیرمان هەیە کە لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕن، کە یەکێکیان ڕەزا حەمەی شاعیرە."

ڕەزا حەمە، بڕوای وەهایە کە پێویستە نوسین بۆ خەڵک بێت و واز لە خەڵک بهێنرێت تا خۆیان بڕیاردەربن لەسەر تێکستەکان، وەک دەڵێت ڕەخنە نەیتوانیوە بە ئەرکی خۆی هەڵسێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان خوێنەران و تێکستەکاندا.

شیعر هەروا بە ئاسانی دەرنابڕدرێت، ئەزموونی شیعریی ڕەزا حەمە، پێمان دەڵێت نایەوێت خۆی دووبارە بکاتەوە، دەخوازێت دەنگ و ڕەنگی خۆیی هەبن و بروایەکی زۆریشی بەوەیە شیعر لەناو ڕوناکایی دیدی خوێنەرانیدا گوڵباران دەکرێت نەک لە شوێنی تردا.

بەشی دووهەم و کۆتایی وتووێژ لەگەڵ ڕەزا حەمەی شاعیردا:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:18 0:00


XS
SM
MD
LG