پاش یەکەم کۆبونەوەی لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا لەگەڵ گەورە کاربەدەستێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێبەری باڵای شیعەکانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە پشتیوانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەخت کرد کە بڕیارە لە مانگی 6 ی 2021 ئەنجام بدرێت.
ئایەتوڵا عەلی سیستانی تەمەن 90 ساڵ پاش کۆبونەوە دووقۆڵیەکەی لە بەیاننامەیەکی کە لە سەر ئەنتەرەنێت بڵاو کراوەتەوە ڕایگەیاند " هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە بڕیارە لە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت گرنگی زۆری هەیە".
ئەو گوتیشی پێویستە عێراقییەکان هانبدرێن تا بە شێوەیەکی "بەرفراوان" بەشداری بکەن، هاوکات هۆشداریشی دا سەرنەکەوتن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا یان ئەگەر بە شێوەیەکی ئازاد و ڕەوا نەبێت دەبێتە " هەڕەشە بۆ یەکڕیزی و داهاتووی گەلی عێراق."
سیستانی خۆی دەرناخات و بە شێوەیەکی گشتی وتاری هەفتانەی لە ڕۆژی هەینی لە ڕێگای نوێنەرێکییەوە بڵاو دەکاتەوە.
ئەو ناخوازێت لەگەڵ ڕێبەرە سیاسییەکاندا کۆببێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی نەریتی کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکانی نەگرتۆتەوە کە بە بێلایەن دەبینرێن.
ئەم ساڵ ئەو ڕێبەرە ئاینییەی شیعەکان لە ساڵانی ڕابوردوو بێدەنگتر بوو، لە کۆتایی مانگی دووەوە نوێژی بە کۆمەڵی هەینی بەهۆی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگیران، کە مەترسیشی بۆ تەندروستی سیستانی دروست کرد.
ڕۆژی یەکشەممە سیستانی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری پیرۆزی نەجەف میوانداری نوێنەری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جینین هینەس پلاسشائێرتی کرد پاش تێپەڕبوونی 10 مانگ بەسەر کۆبونەوەی پێشویاندا.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەو نوێنەرەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی " ئەگەر بەشێوەیەکی ڕاست و دروست ئەنجامی بدەن، بە شێوەیەکی ڕێک و متمانەپێکراو، ئەوا دەشێت دەستپێکی قۆناغێکی گرنگ بێت بۆ وڵاتەکە."
سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمی لە کۆتایی مانگی حەوتدا ڕایگەیاند عێراق هەڵبژاردنەکانی نزیکەی ساڵێک پێشوەخت ئەنجام دەدات. کزامی هەوڵ دەدات یەکێک لە بەڵێنە سەرەکییەکانی، کاتێک لەسەرەتای ئەم ساڵ هەتە سەر دەسەڵات دابوی، بەجێبگەیەنێت.
سیستانی خۆی لە پارەوە پاڵپشتی هەڵبژاردنی پێشوەخت بووە، کاتێک خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت بەغدا و شارە زۆرینە شیعەکانی باشوری وڵاتەکەی هەژاند.
ئەو زۆر توندبوو لە ڕەخنەکانی بەرامبەر پەرلەمانی دابەشبووی ئێستا کە لە مانگی 5 ی ساڵی 2018 هەڵبژێردرا.
پەرلەمانی 329 ئەندامی دەنگی داوە بە چاکسازی لە یاسای هەڵبژاردندا بەر لە هەڵبژاردنی داهاتوو، بەڵام هێشتا بڕیار لەسەر خاڵە سەرەکییەکانی نەدراوە لە ناویاندا قەبارەی قەزاکان.