Accessibility links

لە ناو پەرلەمانی هەرێمدا هەوڵێک هەیە بۆ بانگهێشتکردنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی


بەشێکی زۆر لە فەرمانبەران و مامۆستایان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕەخنە دەگرن و ناڕازین لەم ڕەوشەی ئێستا و داوای چارەسەرکردنی گرفت و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و پێیان وایە دەبێت پەرلەمان هەڵویستی جدی هەبێت لەمەڕ ئەو قەیرانانە و چارەسەریان بکات.

کەوگەز بەحری هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستانە بۆ‌ دەنگی ئەمەریکا گووتی "قەیرانەکان لەهەرێمی کوردستاندا قەیرانی بەرچاون لەوانە قەیرانی نەبوونی مووچە و بێکاری و کۆچ و کپکردنی دەنگی ئازاد، هەروەها قەیرانی ناکۆکی هێزە سیاسیەکان و قەیرانی نەبوونی رێککەوتنامەیەکی گشتگیرو سەرکەوتوو لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا و قەیرانی بەتاڵان بردنی سامانی گشتی".

سەبارەت بە داوا و سەرنجی مامۆستایان و فەرمانبەران لە کاری پەرلەمانی و چارسەرکردنی کێشە و گرفت و قەیرانەکان مامۆستا هوشیار هەرنی بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" داوا دەکەم پەرلەمان سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێت دواتر مافە ڕەواکانی مامۆستایان بگەڕێنێتەوە، مووچەی مامۆستا دەبڕێت و مامۆستا دەستبەسەر دەکرێت و پەرلەمانیش هیچ هەڵویستێکی نییە ئەگەر هەڵویستیشی هەبێت زۆر لاوازە چونکە کاریگەری حزب و حکومەتی لەسەرە".

سەبارەت بە بانگهێشت کردنی سەرۆکی حکومەت و جیگرەکەی و وەزیری دارایی بۆ بەردەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەمەڕ ئەو کێشە و قەیرانانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە ئەرشەد حسێن پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی" ئێمە پشتگیری هەموو پرۆژەیەک دەکەین کە خزمەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوە نین کە تەنها بۆ موزایەدەکردن بێت ئێستا ئەوەی هەندێک پەرلەمانتار تەنها بۆ موزایەدەکردنە و هیچی تر نییە، ئەگەر بۆ خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە سەرۆکی حکومەت و جێگر و هەموو وەزیرەکان بێنە پەرلەمان و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕوونکردنەوە بدەن".

لە لایەکی ترەوە بەدریە ئیسماعیل پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " کاتێک دووبارە یاداشتەکە لەسەرۆکایەتی گەڕایەوە داوای بەڵگە و هاوپێچیان کرد، هاوپێچمان کردووە لەگەڵ یاداشتەکەمان ئامادەکردووە، 22 پەرلەمانتار ئیمزایان لەسەر یاداشتەکە کرووە ئێمە بەردەوام دەبین و تەنها یەک ئیمزا‌ ماوە کە یاداشتەکە بە‌کۆتا بگات و ئاراستەی بکەین."

سەبارەت بەوەی کە مەبەستیان چەییە لە بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە لە سەرۆکی حکومەت و جێگر و وەزیری دارایی پەرلەمانتارەکەی فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان گوتی "دەبێت سەرۆکی حکومەت و جێگر و وەزیری دارایی ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر ئەو قەرزەی کە کراوە و لەسەر ئەو چەند ملیار دینارەی کە دیارنییە لەسەر ئەو 21% ی مووچەی فەرمانبەرانە کە بڕدراوە و لەسەر قوت و داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەران و هاووڵاتیان و پێداویستیەکانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان".

ئابوریناسان پێیان وایە بەشێکی هۆکاری سەرەکی ناڕوونی چۆنیەتی چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی کوردستان پەیوەندارە بە نەبونی زانیاری لەبارەی سەرچاوەکانی داهاتی کوردستان و چۆنیەتی خەرجکردنیەتی کە ئەمەش بەهۆی دواکەوتنی یاسای بودجە لەکوردستان دروستبووە، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە پیویستە پەلە بکرێت لەرەوانەکردنی یاسای بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:26 0:00


XS
SM
MD
LG