Accessibility links

هەزاران پەنابەر لە یۆنان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپێکی پەنابەراندا ئاوارە بوون


بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە گەورەترین کەمپی پەنابەرانی یۆنان سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بەشێکی زۆری کەمپەکە سوتاو هەزاران پەنابەر پەرتەوازە بوون هاوکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەمپەکەدا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی پەنابەران ناسراو بە IOM نزیکەی 80% ی نێوەندی ئەو کەمپەی کە لە دورگەی لیسبۆسی یۆنانە سوتاوە.

گرتە ڤیدیۆییەکان نیشان دەدات گڕ لە باڵەخانە دارو ئاسنەکانی ئەو کەمپەوە بەرزبۆتەوە.

بەشێکی زۆری ئەو 12 هەزارو 600 کۆچبەرەی لە کەمپی مۆریا جێگیربوون ئاوارە بوون. زیاتر لە 4 هەزار منداڵ لە ناویاندا 407 منداڵی بێ دایک و باوک لەو کەمپەدا دەژین.

مۆریا بۆ هاوکاریکردنی 3 هەزار کەس دروست کرا، بەڵام لە ڕابوردوودا ڕێژەی پەنابەران تیایدا گەیشتە زیاتر لە 20 هەزار کەس.

هەتا ئامادەکردی ئەم هەواڵە مردنی هیچ کەسێک بەهۆی ئاگرکەکەوە ڕانەگەیەندراوە. هەتا ئێستا هۆکاری گڕەکەش پشتڕاست نەکراوەتەوە بەڵام کاربەدەستان لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەکەن ئاخۆ بە ئەنقەست بووە یان نا، کە گومان دەکرێت بەهۆی ناڕەزایی دەربڕین بووببێت لە قەدەغەکردنەکانی هاتوچۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

بەرپرسانی ئاگرکوژێنەرەوە بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی ERT TV یان ڕاگەیاندووە، تەنها یەک ئاگر نەبووە بەڵکو چەند ئاگرێک لە کەمپەکە بەربووە. کۆچبەران بەردیان دەگرتە ئاگرکوژێنەرەوەکانی کە هەوڵی کوژانەوەی ئاگرەکەیان دەدا. هۆکاری گڕبەربوونەکەش لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

ئاژانسی ڕۆیتەرزیش دەڵێت ئەو ئاگرە لە کاتێکدا دەستیپێکرد کە کاربەدەستان هەوڵیان دابوو ژمارەیەک لەو کۆچبەرانە کەرەنتینە بکەن کە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. کەمپەکە لە هەفتەی ڕابوردۆوە داخرابوو پاش ئەوەی کۆچبەرێک توشی کۆرۆنا هاتبوو.

لە ئەنجامی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە کاربەدەستان ئێستا نازانن ئەو 35 کۆچبەرەکی کە لەم هەفتەیە توشی کۆرۆنا بوون کەوتونەتە کوێوە.

سەرۆک وەزیری یۆنان کیریاکۆس میتسۆتاکیس باری نائاسایی لەو دورگەیە بۆ چوار مانگ ڕاگەیاند، تا هەوڵەکانی زیاتری بەهاناچوونی قەیرانەکە ئەنجام بدرێت.

XS
SM
MD
LG