دادگایەک لە تورکیا سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی داوە بەسەر گومانباری سەرەکی لە ڕووداوی هێرشە چەکدارییەکەی ڕۆژی سەری ساڵی 2017 کرایە سەر یانەیەکی شەوانە لە شاری ئستەنبوڵ.
لەو هێرشەدا 39 کەس کوژران.
عەبدولقادر ماشاریپۆڤ، کە هاوڵاتییەکی ئوزبەکستانییە، بە بڕیاری دادگا 40 جار سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی بۆ بڕاوەتەوە، هەروەهاش سزای 1368 ساڵی زیندانیکردنیشی دراوە بەسەردا، وەک ئاژانسی دەنگ و باسی ئەناتۆڵیا بڵاویکردۆتەوە هیچ یەکێکیش لەو سزایانە لێبوردن نایگرێتەوە.
ڕۆژی 17 مانگی یەکی ساڵی 2017 هێزەکانی پۆلیس ماشاریپۆڤیان دەستگیرکرد و ئەوکاتە پۆلیس ڕایگەیاند کە بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە ئەو هێرشەی کردووە.
ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی، بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاند و ئاماژەشی بەوە کردبوو کە لە تۆڵەی دەستێوەردانی تورکیادا بووە لە قەیرانی سوریادا.
ماشاریپۆڤا، پێشتر نکوڵی کردووە لە ڕاگەیاندنەکانی پۆلیس و گومانی خستۆتە سەر بەڵگەکان و وتبووشی ئەو وێنەیەی لە یانە شەوانەییەکەدا گیراوە بە چەکەوە وێنەی ئەو نییە.