Accessibility links

وەزیری دەرەوەی سویسرا سەردانی تاران دەکات


وەزیری دەرەوەی سویسرا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە "وتووێژێکی بە بەری هەبووە لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانیدا لە تاران سەبارەت بە ئاشتی و پەرەپێدانی ئابوری و هەروەها مافەکانی مرۆڤ."

باڵیۆزخانەی سویسرا لە ئێران، کاروباری تایبەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێراندا بەڕێوەدەبات، لە ساڵی 1979ی شۆڕشی ئسلامی ئێرانەوە کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا تێکچوو.

سویسرا ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە ئاڵوگۆڕکردنی گیراوەکاندا لە نێوان تاران و واشنتۆندا.

پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و تاران زیاتر بوون لە ساڵی 2018وە پاش ئەوەی سەرۆک ترامپ ئەمریکای کشاندەوە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکە و بە دواشیدا سزای قورسی سەپاندە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئیگنازیۆ کاسیس، وەزیری دەرەوەی سویسرا بەر لەوەی لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێراندا کۆببێتەوە، وتووێژی هەبووە لەگەڵ موحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێراندا.

کۆبوونەوەکانی کاسیس لە میانەی سەردانە 3 ڕۆژیەکەیدا بۆ تاران، هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی یەک سەدەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا.

زەریف، ئەو وتووێژانەی ئەمڕۆ دووشەممەی بە زۆر باش ناودێر کردووە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەریشدا نوسیویە "هاوکاتی سوپاسگوزاری بۆ هەوڵەکانی وڵاتی سویسرا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ئاژاوەگێڕییەکانی ئەمریکا، گەڕانەوە بۆ بازرگانی ئاسایی، ئەرکێکی سەرەکی جیهانییە."

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی ئێران جارێکی تریش دەڵێتەوە ئێران کراوەیە بۆ ئەمریکا ئەگەر بێتوو لە هەڵەکانی پەشیمان ببێتەوە و کارە نایاساییەکانی ڕاست بکاتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مایک پەمپێیۆ، وەزیری دەرەوە، پەیوەندییەکی تەلەفونی هەبووە لەگەڵ کاسیسدا، بەر لەوەی سەردانی تاران بکات، ئەمەش وەهای کردووە گریمانەکان زیاتر بن سەبارەت بەوەی ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی سویسرا پەیوەندی هەیە بە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تارانەوە.

سەعید خەتیب زادە، وتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران نکوڵی دەکات لەو گریمانەیە و دەڵێت پێشتر بەرنامە هەبووە بۆ ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی سویسرا و بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە دواخرابوو وە هیچ پەیوەندییەکی نییە بە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و تارانەوە.

کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ناوکییەکی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا مۆرکرا و هەروەهاش سەپاندنی سزاکان بەسەر ئێراندا بە بەمەبەستی گۆڕینی ڕەفتارەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، لە کاتێکدا ئەمریکا، ئێران بە گەورەترین وڵاتی جیهان ناودێر دەکات بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم.

XS
SM
MD
LG