Accessibility links

لاڤرۆڤ لە دیمەشق


بۆ یەکەمین جارە لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سەردانی سوریا بکات و لە وتووێژەکانیدا لەگەڵ سەرۆکی سوریا باس لە شیانی ڕێککەوتنی زیاتری نێوان هەردوو وڵات دەکات.

سەرۆکی سوریا، لە بارەی هاوکاری ئابورییەوە وتووێژی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیادا کردووە.

بەشار ئەلئەسەد دەڵێت "سوریا سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە کارکردن لەگەڵ ڕوسیای هاوپەیمانیدا" بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە مۆرکراوەکان و هەروەهاش بۆ هاندانی سەرکەوتنی وەبەرهێنانی ڕوسیا لە سوریادا.

لەو ڕاگەیاندنەی سەرۆکایەتی سوریادا هاتووە، ئەسەد و سێرگیێ لاڤرۆڤ وتووێژیشیان لەسەر شییانی ڕێککەوتنی تری نوێ کردووە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات، بە مەبەستی هێورکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو سزایانەی جیهانی ڕۆژئاوا سەپاندونیەتە سەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوریادان.

ئەمەش یەکەمین جارە سێرگیێ لاڤرۆڤ، سەردانی سوریای بەشەڕ وێرانبوو بکات لەوەتای ساڵی 2012وە.

لاڤرۆڤ، بەشێکە لەو شاندەی ڕوسیا کە بە سەرۆکایەتی یوری بۆریسۆڤ، جێگری سەرەک وەزیری ڕوسیایە و وەک ئاژانسی دەنگ و باسی فەرمی سوریا دەڵێت ئەو شاندەی ڕوسیا شەوی ڕابردوو گەیشتۆتە دیمەشق.

وەهاش چاوەڕوان دەکرا لاڤرۆڤ لەگەڵ بەشار ئەلئەسەد، سەرۆکی سوریادا کۆببێتەوە بەر لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی لەگەڵ وەلید ئەموعەلم، وەزیری دەرەوەی سوریادا.

لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا سەردانی دیمەشقی کرد و هەروەها لە ساڵی 2017شدا سەردانێکی تری کردبوو، بەڵام نەچووە دیمەشق بەڵکو لە بنکە لەشکرییەکەی ڕوسیا مایەوە لە حومەیم لەسەر دەریای ناوەڕاست.

ڕوسیا هاوپەیمانی سەرەکی ڕژێمی سوریا بووە لەوەتای قەیرانی ناوخۆیی ئەو وڵاتە کە لە ساڵی 2011وە دەستیپێکردووە و بەشداریش بووە لە هەوڵەکان بۆ سەرکوتکردنی ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەی لە سوریادا سەریهەڵداوە.

بەشداری لەشکریانەی ڕوسیا لە ساڵی 2015وە لە قەیرانی سوریادا، گۆڕانی بەسەر هاوکێشەکانی شەڕدا هێنا. هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا لەناو سوریادا وەهایان کرد، لەشکری ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد بتوانێت دەست بەسەر زۆر ناوچەی وڵاتەکەدا بگرێتەوە.

قەیرانی سوریا، ئابوری ئەو وڵاتەی داڕماندووە و هەروەهاش بۆتە مایەی کوژرانی زیاتر لە 380 هەزار کەس، ئەمە بێ لەوەی بە ملیۆنان خەڵک ناچاربوون زێدی خۆیان بەهۆی شەڕەکانەوە جێبهێڵن.

XS
SM
MD
LG