Accessibility links

یۆنان خۆی پڕ چەک دەکات


وتەبێژی حکومەتی یۆنان دەڵێت وڵاتەکەی لەشکری خۆی بەهێز دەکات لە ڕێی بەرنامەی نوێی پڕ چەک کردن و پشتیوانی لە کارمەندانی لەشکر و هەروەهاش پەرەپێدانی پیشەسازی لەشکریی لە یۆناندا.

ئەم لێدوانانەی ئەمڕۆ دووشەممەی ستیلیۆس بێتساس، هاوکاتە لەگەڵ ئەو ڕەوشەی لەلایەن یۆنان و کۆماری تورکیای دراوسێی هاتوونەتە ئاراوە و کە مەترسی قەیرانێکی کراوەی بەدوای خۆیدا هێناوە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەی ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

ئانکەرە لە ئێستادا لەسەر لێواری بەرەنگاربوونەوەدایە دژ بە یۆنان و قوبرس، بەهۆی وەک دەڵێت مافەکانی خۆی بۆ گەڕان بە شوێن نەوت و گازدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. تورکیا و یۆنان هێزی دەریایی و ئاسمانی خۆیان بەرامبەر یەک ڕاگرت وەک جەختکردنەوە لە مافەکانیان.

وتەبێژی حکومەتی یۆنان دەڵێت، سەرکردایەتی تورکیا، دەکرێت بگوترێت ڕۆژانە هەڕەشەی شەڕ دەکات و لێدوانی وروژێنەریش دژی یۆنان دەدات، دەشڵێت " ئەسینا، بە سیاسیانە و ڕێگەی دیپلۆماسی و ئامادەیی کردەیی وەڵام دەداتەوە و سوریشین لەسەر گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێکی پێویست بێت بۆ پاراستنی مافە سەروەرییەکانمان."

بێتساس ئاماژەشی بەوە کردووە، کیریاکۆس میتسوتاکیس، سەرەک وەزیری یۆنان لە وتارەکەی ڕۆژی شەممەیدا وردەکاری پلانەکان بۆ پەرەپێدانی لەشکری وڵاتەکە دەخاتە ڕوو. وتارەکەی سەرەک وەزیر سەبارەت بە ڕەوشی ئابوری یۆنانە.

وتەبێژی حکومەتی یۆنان باسی لەوەش کردووە کە ئەسینا بەردەوامە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ دۆستەکانیدا بۆ پەرەپێدانی لەشکری وڵاتەکەی.

XS
SM
MD
LG