پۆلیس لە بیلاڕووس دەڵێت زیاتر لە 600 کەس لە دوو ڕۆژی ڕابردووی شەپۆلی ناڕەزاییەکانی وڵاتەکەدا دەستگیرکراون.
ئەم دەستگیرکردنانە هاوکاتن لەگەڵ هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی بیلاڕووسدا بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکانی دژی ئەلێکزاندەر لوکاشینکۆ ، سەرۆکی وڵاتەکە دەکرێن.
ترس هەیە لەوەی ماریا کۆلشینکۆڤا، کەسایەتی باڵای ئۆپزسیۆن دەستگیرکرابێت و ئۆفیسەکەیشی دەڵێت گەواهدەران باسیان لەوە کردووە، ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن چەند کەسێکی بەرگ ڕەشەوە لە شەقامێکی شاری مینسک، پایتەختی بیلاڕووس ڕفێندراوە.
لوکاشینکۆ، ڕووبەڕووی سەختی و فشارێکی بێ پێشینە بۆتەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین دەستیان پێکردووە دژی 26 ساڵی فەرمانڕەوایەتیکردنی لەو وڵاتەدا کە لە ڕابردوودا بەشێک بووە لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو.
خۆپیشاندانەکانیش دوای سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی لە ڕۆژی 9ی مانگی هەشتی ڕابردوودا دەستیان پێکرد.
پەیامنێرێکی ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێس دەڵێت، خۆپیشاندەران ڕۆژی یەکشەممە، ئاڵا سوور و سپییەکەی ئۆپزسیۆنیان بەرز کردبووەوە و دەشڵێت " بە بەراورد لەگەڵ 3 یەکشەممەی ڕابردوودا، خۆپیشاندانەکەی دوێنێ گەورەترینیان بووە و زیاتر لە 100 هەزار کەس بەشدارییان تیادا کردووە."
پێشدەچێت هێزەکانی پۆلیس شاڵاوەکانی خۆیان زیاتر کردبێت لە ڕۆژی یەکشەممەدا بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هاوکاتی بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی ئاسایشی و ناردنی زرێپۆش و ئامادەکردنی ئاو لە مەیدانی ناوجەرگەی پایتەختدا.
میدیای خۆجێیی دەڵێت ئێوارەی هەمان ڕۆژ کە خۆپیشاندانەکان بڵاوەیان پێدەکرا، خەڵکانێکی دەمامک کردووی تێڵا بەدەست، جلوبەرگی ئاساییان لەبەردا بووە و دوای خۆپیشاندەران دەکەوتن و لێیان دەدان.
ئۆڵگا شیمۆدانۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی بیلاڕووس، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاندووە، ڕۆژی یەکشەممە 633 کەس دەستگیرکراون بەهۆی گردبوونەوەی نایاساییەوە، ئەمەش گەورەترین ژمارەی دەستگیرکردنە لە بیلاڕووس لەوەتای خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردووە.