Accessibility links

شەڕەکانی یەمەن بەردەوامن


زیاتر لە 20 کەس کوژراون لە ئاکامی پێکدادانەکانی لە هەرێمی ئەلجەواف ی باکوری وڵاتی یەمەن ڕوویانداوە، هاوکاتی هێرشی هێزە سەربازییەکانی حکومەتی یەمەن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچەیە کە پێش چەند مانگێک سەرهەڵداوانی حوسییەکان دەستیان بەسەردا گرتبوو.

سەرچاوەیەکی لەشکری سەر بە حکومەت دەڵێت، لەو شەڕانەی درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممەدا 16 حوسی و هەروەها 8 کەسی لایەنگری حوسییەکان کوژراون و وەک ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، زیاتر لە 40 سەرهەڵداویش دەستگیرکراون.

حکومەتی یەمەن کە لەسەر ئاستی نێەونەتەوەیی دانیپێدانراوە، لە ساڵی 2014وە لەشەڕدایە لەگەڵ یاخیبوانی حوسییەکان کە هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، لەو کاتەدا حوسییەکان دەستیان گرت بەسەر زۆر ناوچەی باکوری وڵاتی یەمەندا بە سەنعای پایتەختیشەوە.

یەک ساڵ دواتر، هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی شانشینی عەرەبستانی سعودیە، بوو بەشێک لە شەڕەکە و پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکات.

هاوکات سەرهەڵداوانی حوسییەکان لە هەرێمی مەئرب، پێشڕەوییان کردووە و بە تایبەتیش لە ناوچەی مەحلایا، پاش ئەو شەڕە قورسانەی لەو ناوچەیەدا ڕوویاندابوو، وەک باسیش دەکرێت زیانی گیانیش هەبوون.

بەهۆی قەیرانی خوێناوی یەمەنەوە، دەیان هەزار کەس کوژراون و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە خراپترین قەیرانی مرۆڤایەتی لەسەر ئاستی جیهان ناودێری دەکات.

XS
SM
MD
LG