Accessibility links

گورجستان دەست دەکات بە مانۆڕێکی لەشکریی


وڵاتی گورجستان دەستیکردووە بە مەشق و ڕاهێنانێکی گەورەی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ناتۆدا وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

ئەم هەوڵەی تبلیسی بۆتە مایەی ناڕەزایی و توڕەیی ڕوسیا.

نزیکەی 2800 سەربازی ئەمریکایی و بەریتانیایی و فەڕەنسایی و هەروەها پۆڵەنداییش بەشداری لەم مانۆرە سەربازیەدا دەکەن کە لە ناوچەکانی ڤازیانی و کامپ نۆریۆ، نزیک لە تبلیسییەوە دەستیپێکردووە.

سەرەک وەزیری گورجستان دەڵێت "ئەم مانۆڕە لەشکرییە گرنگترین توخمی هەوڵەکانی گورجستانە بۆ گەیشتن بە تێکڕاییەکی ئەوروپایی ئەتڵانتی" وەک ئاماژەیەک بۆ بە ئەندام بوونی گورجستان لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

جیۆرجی گاخاریا لە وتاری دەستپێکردنی ئەم مانۆڕەدا دەڵێت ئەم مەشق و ڕاهێنانە لەشکریانە "متمانەیە بۆ ئاشتی لە وڵاتەکەماندا و دژ بە هیچ لایەکیش نییە."

بڕیارە ئەم مانۆرە لەشکرییە هاوبەشەی گورجستان و هاوپەیمانێتی ناتۆ تا ڕۆژی 18ی مانگی 9 بەردەوام بێت.

هەوڵەکانی گورجستان بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بوونەتە مایەی توڕەبوون و ناڕەزایی مۆسکۆ و ئاستی شەڕە کورتخایەنەکانی جوداییخوازانی باشوری ئۆسیتیا و هەروەها ئەبخازیاشی لە ساڵی 2008دا گەیاندە ئاستێکی بەرز. لەو شەڕانەدا مۆسکۆ پشتیوانی لە جوداییخوازان دەکرد.

لە دوای شەڕەکانیش کە لەشکرە بچوکەکەی گورجستان لە ماوەی 5 ڕۆژدا، ئەو ناوچانەی لە دەستدا، ڕوسیا ئەو دوو ناوچەیەی وەک وڵاتی سەربەخۆ ناودێر کرد و بە هەزاران سەربازی ڕوسیاییشی گواستەوە بۆ هەردوو ناوچەکە.

XS
SM
MD
LG